سێرخیۆ رامۆس لەبەردەم ژمارەیەکی پێوانەیی نوێدا

رووداو - هەولێر

سێرخیۆ رامۆسی کاپتنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەبەردەم ژمارەیەکی پێوانەیی نوێدایە.

سبەی شەممە لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2020دا هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرامبەر هەڵبژاردەی نەوریج یاریدەکات، لە ئەگەری بەشداریکردنی سێرخیۆ رامۆس رووداوێکی گرنگ بۆ ئەو یاریزانە و ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆماردەکرێت بەناوی کاپتنەکەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، ئەویش زۆرترین بەشداریکردنە لە یارییە نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا.

ئێستا رامۆس لەگەڵ ئیکەر کاسیاسی گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەکەی لە 167 یاریدا بەشدارییان کردووە، لە ئەگەری بەشداریکردنی رامۆس لە یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی نەرویج، ئەوا رامۆس دەبێتە خاوەنی زۆرترین بەشداریکردن لەگەڵ ماتادۆرەکان.

جگە لە تۆمارکردنی ئەم ژمارە پێوانەیی، دڵی مەدرید هەلێکی دیکەی لەبەردەمدایە و ئەگەر لە 8 یاری دیکەدا بەشداریبکات، ئەوا پێش جیان لویجی بوفۆنی گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەکەوێتەوە و دەبێتە دووەم یاریزان لە مێژوودا زۆرترین یاری بۆ هەڵبژاردەکەی ئەنجامدابێت، هەروەها 16 یاری دەمێنێت بۆ ئەوەی بە ئەحمەد حەسەنی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی میسر بگات و ببێتە یەکەم یاریزان بەشداری لە زۆرترین یاریدا هەبێت بە درێسی هەڵبژاردەی نیشتیمانی.

سێرخیۆ یەکەم یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە 26ـی مانگی 3ـی ساڵی 2005 بەرامبەر هەڵبژاردەی چین ئەنجامدا، لەگەڵ لارۆخا 21 گۆڵی تۆمارکردووە، لە 125 یاریدا بردنەوەیان بەدەستهێناوە، 22 یەکسانبوون و 20 دۆڕانیان هەیە، دوو جار بوونەتە پاڵەوانی یۆرۆ لە ساڵەکانی 2008 و 2012دا و لە ساڵی 2010شدا مۆندیالیان بردووەتەوە.