رۆناڵدۆ بەداهاتووی مانچێستەر یونایتد گەشبینە



رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، گەشبینە بەداهاتووی ئەو یانەیە و دەڵێ داهاتووی ئەو یانەیە گەشە.
 
یانەی مانچێستەر یونایتد بە رۆخێکی دژواردا تێدەپەڕێت. دوایی نازناوی گەورەی یانەکە پێش زیاتر لە 10 ساڵ بووە و لە دوای ئەوەوە یانە ئینگلیزییەکە نەیتوانیوە هیچ نازناوێکی پرێمەرلیگ یان چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت.
 
رۆناڵدۆ دەڵێت "یانەی مانچێستەر یونایتد پێویستە هەموو شتێک لە سەرەتاوە بونیاد بنێتەوە، ئەگینا ئەستەم دەبێت کێبڕکێ بکات، یانەکە ئێستا توانای بردنەوەی کاراباو کەپ و نازناوی هاوشێوەی هەیە، بەڵام من مەبەستم نازناوی چامپیۆنزلیگ یان یۆروپالیگ و خولە، بەڕای من، ئەو بابەتە قورسە، هیوادارم هەڵە بم، بەڵام قورسە لە ئێستادا".
 
لەسەر داهاتووی یانەکە، رۆناڵدۆ دەڵێت "من بڕوام وایە داهاتووی یونایتد گەشە، یانەکە تەنیا پشت بە یاریزانی لاو نابەستێت، ئەو یانەیە گەورەترە لەوە، مانچێستەر پشت بە هەمووان دەبەستێت".
 
لە هاوینی ئەمساڵدا، مانچێستەر یونایتد، دەستنیشانکردنی ڤان نیستەلڕۆی هێرشبەری پێشووی یانەکەی بەیاریدەدەری ئێریک تێن هاگ و راهێنەری تایبەت بەهێرشبەرانی یانەکە راگەیاند.
 
رۆناڵدۆ ستایشی ڤان نیستەلڕۆی دەکات و دەڵێت "پێموایە ڤان نیستەلڕۆی دەتوانێت یارمەتی یانەکە بدات، چونکە ئەو پێشتر لە یانەکە بووە و یانەکە و هاندەرانی دەناسێت، ئەگەر راهێنەر گوێی بۆ بگرێت دەتوانێت کەمێک لە دۆخی یانەکە چاک بکاتەوە".
 
زیاد دەکات و دەڵێت "ئەگەر تێن هاگ گوێ لە ڤان نیستەلڕۆی بگرێت دەتوانێت یارمەتی بدات، ئەو دەتوانێت زۆر یارمەتیدەر بێت چونکە بە باشی یانەکە دەناسێت و یانەکە پێویستی بەوەیە گوێ لە ئەفسانەکانی بگرێت".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە یەکێک لە ئەفسانەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد لە قەڵەم دەدرێت، ئەو یاریزانە نازناوی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگی لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەستهێناوە و بالۆندۆری لەو یانەیە بردووەتەوە.
 
دەربارەی ئەفسانەکانی یانەکەش رۆناڵدۆ دەڵێت "ریۆ فێردیناند، رۆی کین، پۆڵ سکۆڵز، گاری نیڤڵ و بێگومان سێر ئالێکس فێرگسۆن و ئەفسانەکانی دیکە پێویستە گوێیان لێ بگیرێت، ناتوانیت یانەیەک بونیاد بنێیت بێئەوەی زانیاریت هەبێت، پێویستت بە زانیارییەکانی ئەو کەسانە هەیە، نەک تەنیا پشت بەوانە ببەستیت کە لە ئۆفیسەکانەوە کاردەکەن".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە لەدوو کاتی جیاوازدا یاریی بۆ مانچێستەر یونایتد کردووە، ساڵی 2021 گەڕایەوە یانەی مانچێستەر یونایتد و ئاستێکی باشی پێشکێش کرد و لە وەرزێک و نیودا توانی 27 گۆڵ تۆماربکات و 5ی دیکە دروست بکات، لە ساڵی 2023 یانەکەی جێهێشت و رووی کردە یانەی نەسڕی سعودی.