بە دارشەقەوە چووە پاریس و بە میدالیای زێرەوە گەڕایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە پاڵەوانێکی عێراقی دەکات، دوای ئەوەی دەستکەوتێکی گەورە و مێژوویی بۆ وڵاتەکە بەدەستهێنا.
 
نەجلە عیماد، خانمە یاریزانێکی یاریی تۆپی سەر مێزە و لە رکابەرییەکانی پارائۆڵیمپیکی پاریسدا میدالیای زێڕی بۆ عێراق بەدەستهێنا، دوای گەڕانەوەشی لە فەرەنسا لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە پێشوازیی لێکرا.
 
نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت "سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، محەممەد شیاع سوودانی، بە ئامادەبوونی راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری خانمان، پێشوازیی لە پاڵەوان نەجلە عیماد کرد، دوای ئەوەی میدالیایەکی زێڕی مێژوویی لە تۆپی سەر مێز بەدەستهێنا لە پاریس، لەگەڵ ئەودا جەمال جەلال، باوک و راهێنەری ئەو خانمە یاریزانەش ئامادەبوون."
 
سوودانی لەو کۆبوونەوەیەدا پیرۆزبایی بەدەستهێنانی ئەو دەستکەوتە گەورەیەی لە پاڵەوانە عێراقییەکە کرد و پێیگوت "حکومەت گرنگییەکی زۆر بە وەرزش دەدات و لە پێشینەی کارەکانیانە و گرنگی بە هەموو وەرزشەکان دەدەن نەک تەنیا تۆپی پێ، وەکو چۆن پڕۆژەی ئۆڵیمپی دەستیپێکردووە بە ئامانجی دروستکردنی پاڵەوان بۆ ئۆڵیمپیادەکانی داهاتوو."


سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا بە پاڵەوانە عێراقییەکەی گوتووە "ئەوەی تۆ بەدەستتهێناوە، نوێنەرایەتی پەیامێکی گرنگی مرۆیی دەکات."
 
نەجلە عیماد، خانمە یاریزانێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە، لە ساڵی 2008 مینێک بە ئۆتۆمبێلی باوکیدا دەتەقێتەوە و بەو هۆیەوە دەستێک و هەردوو قاچی لەدەستدەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حەزی ئەو وادەکات یاریی تۆپی سەر مێز بکات و بەشداریی لە رکابەرییەکانی پارئۆڵیمپیکی پاریسدا کرد و لە یاریی کۆتایی رکابەرییەکەدا، سەرکەوتنی بەرامبەر مارینا لینۆڤچینکۆی ئۆکراینی و پێشەنگی باشترین یاریزانانی جیهانی بردەوە و میدالیای زێڕی بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بەدەستهێنا.