یانەی جەوییە بۆ رووداو: هەولێر شایستەی میوانداریکردنی یارییەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیایە
رووداو هەولێر
بڕیارە رۆژی ئەم 18ـی ئەم مانگە لە دەستپێکی یارییەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، یانەی جەوییە لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری، لە هەولێری پایتەخت، میوانداری یانەی سپاهان ئەسفەهانی ئێرانی بکات.
دوای ئەوەی لیژنەیەک لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا سەردانی شاری هەولێرییان کرد و پشکنینیان بۆ یاریگەکە کرد، راپۆرتێکیان دایە یانەی جەوییە، بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو سیستەمی ڤار بگاتە فڕۆکەخانەی هەولێر و یەکسەر لە لایەن ستافێکی ئەندازیار ببەسترێت، ئەم سستەمە مینی ڤارە و یارییەکە بە 15 کامێرا چاودێری دەکرێت.
محەممەد سوبەڵڵا، سەرۆکی یانەی قوەجەوییە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئێمە یاریگەی فرانسۆ هەریریمان هەڵبژارد لەبەرئەوەی ئامادەیە و مەرجەکانی یاری نێودەوڵەتی تێدان، هاوکاری و کارئاسانی تەواویشمان لە لایەن کاربەدەستانی وەرزشی هەولێر بۆ کراوە، ئەم شارە شایستەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی ئاسیایە".
یانەی جەوییە کەمپێکی راهێنان و ئامادەکاری لە شاری هەولێر کردووەتەوە، رۆژانە تیپەکە دوو یەکەی راهێنان ئەنجامدەدات، یەکەمیان راهێنانە لەنێو هۆڵی لەشجوانی و دووەمیان راهێنانە لەنێو یاریگەدا، تیپەکە بەسەرپەرشتی ئەیوب ئۆدیشۆی راهێنەر دەیەوێت ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕێت.
جاسم غولام، سەرپەرشتیاری یانەی جەوییە بۆ رووداو، روونیکردەوە "دەرفەتێکی زێڕینە بتوانین دڵی هاندەران خۆش بکەین، هەموو هەوڵێکمان بۆ رکابەریکردنە و بارودۆخی تیپەکەمان زۆر باشە".
وەرزی رابردوو یانەی جەوییە نازناوی جامی عێراقی بەرزکردەوە دوای بردنەوەی یاریی کۆتایی جامەکە لە یانەی هەولێر بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام، لە خولی نایابی عێراق پلەی دووەمی بردەوە.
یانەی جەوییە لە 1931 دامەزراوە، یانەیەیەکی جەماوەری شاری بەغدایە، 7 جار نازناوی خولی نایابی عێراقی بردووەتەوە، 6 جار پاڵەوانی جامی عێراق بووە، خاوەن 3 نازناوی جامی یەکێتیی ئاسیایە.