رکابەریی چین و ئەمریکا بۆ بردنەوەی زۆرترین میدالیای ئۆڵیمپیاد بەردەوامە و ئەمڕۆ رکابەرییەکە یەکلادەبێتەوە.
رووداو دیجیتاڵ
ئاهەنگی کۆتاییهاتنی ئۆڵیمپیاد لە کاژێر دووی دوای نیوەڕۆ دەستپێدەکات و بەردەوامدەبێت تاوەکو کاژێر 10ـی شەو، ئەو ئاهەنگە بە پیشاندانی جوانترین ساتەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت بە راگەیاندنی ئەوەی کە ئۆڵیمپیادی 2028 لە لۆس ئەنجێلیس بەڕێوەدەچێت و تیایدا تیمی ویلایەتە یەکگرتووەکان نمایشێک ئەنجامدەدەن.
رکابەرییەکانی دوایین رۆژی ئۆڵیمپیادی لە کاژێر 8:00ی بەیانییەوە بە رکابەریی ماراسۆنی خانمان دەستپێدەکات، دواتر لە کاژێر 11:00 یارییەکانی پێنتاسلۆنی خانمان و رکابەرییەکانی زۆرانبازی ئەنجام دەدرێت.
لە دوای ئەوانە رکابەرییەکانی هەڵگرتنی قورسایی خانمان لە کاژێر 11:30 ئەنجامدەدرێن.
یاری کۆتایی رکابەریی بالەی خانمان لە کاژێر 1:00 دوای نیوەڕۆ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا و ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت.
یاری کۆتایی رکابەریی تۆپی دەستی پیاوان لە نێوان ئەڵمانیا و دانیمارک کاژێر 2:30ی دوای نیوەڕۆ ئەنجامدەدرێت.
یاری کۆتایی رکابەریی باسکەی خانمان لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا لە کاژێر 4:30 بەڕێوەدەچێت.
یاریزانەکان نمایشی ماڵئاوایی ئەنجامنادەن لە ئاهەنگی کۆتایی ئۆڵیمپیادی ئەمساڵدا، بەپێی وتەکانی بەڕێوەبەری ئاهەنگەکانی ئۆڵیمپیاد، تەنیا نمایشێکی میوزیکی و دەستاودەستکردنی ئاڵای ئۆڵیمپی و پێشکەشکردنی بە شاری لۆس ئەنجێلیسی ئەمریکی.
ریزبەندی میدالیاکان لە ئۆڵیمپیادی ئەمساڵدا رکابەرییەکی زۆر بەهێزی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین لەخۆدەگرێت لەسەر دیاریکردنی یەکەمی ریزبەندی گشتی میدالیای زێڕ لە ئۆڵیمپیاد و ئەو رکابەرییە ئەمڕۆ یەکلاییدەبێتەوە، ئوسترالیاش لە سێیەمی ریزبەندییەکە دێت.
ریزبەندی میدالیاکانی ئۆڵیمپیادی پاریس
یەکەم: چین - 39 میدالیای زێڕ
دووەم: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا - 38 میدالیای زێڕ
سێیەم: ئوسترالیا - 18 میدالیای زێڕ
چوارەم: ژاپۆن - 18 میدالیای زێڕ
پێنجەم: فەرەنسا - 16 میدالیای زێڕ
شەشەم: بەریتانیا - 14 میدالیای زێڕ
حەوتەم: کۆریای باشوور - 13 میدالیای زێڕ
هەشتەم: هۆڵەندا - 13 میدالیای زێڕ
نۆیەم: ئەڵمانیا - 12 میدالیای زێڕ
دەیەم: ئیتاڵیا - 11 میدالیای زێڕ