کۆمان: ڤار تۆپی پێی شێواندووە

رووداو دیجیتاڵ

رۆناڵد کۆمان، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا، رەخنە لە شێوازی بەکارهێنانی ڤار لە یۆرۆدا دەگرێت، دەڵێت تۆپی پێی شێواندووە. 
 
ئەم لێدوانەی راهێنەرە هۆڵەندییەکە دوای ئەوە دێت کە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە هەڵبژاردەی هۆڵەندای بردەوە. 
 
هەڵبژاردە پرتەقاڵییەکە هەر لە سەرەتادا بە گۆڵێکی چاڤی سیمۆنس گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، هەر زوو دوای ئەم گۆڵە هاری کەین گۆڵی یەکسانی بۆ ئینگلیزەکان تۆمارکرد.
 
یاری بەم ئەنجامە بەردەوام بوو تاوەکو دواخولەک ئۆلێ واتکینس گۆڵی بردنەوەی بۆ ئینگلتەرا تۆمارکرد، و سەرکەوت بۆ یاریی کۆتایی یۆرۆی 2024، کە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەنێو یاریگای بەرلین لە 14ـی ئەم مانگە یاری دەکات.
 
کۆمان گوتی "بە بۆچوونی من ئەوە پەناڵتی نەبوو، من بەرگریکار بوومە، دۆمفرێس چی بکردبووایە؟ ئەو تەنیا هەوڵیدا رێگە لە لێدانەکەی هاری کەین بگرێت". 
 
راهێنەری هۆڵەندا لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی ''ئێمە ناتوانین بەشێوەیەکی گونجاو یاری تۆپی پێ بکەین بەهۆی ڤارەوە، بەڕاستی تۆپی پێی شێواندووە''.
 
شرۆڤەکارە ئینگلیزیەکانیش ئاماژەیان بە بڕیارە هەڵەکانی ناوبژیوانی ئەڵمانی، فلیکس زوێر دا، کە گاری نیڤڵ بەرگریکاری پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، گوتی ''من وەک بەرگریکارێک پێمووایە بڕیارێکی تەواو شەرمەزارانە بوو، بەهیچ شێوەیەک پەناڵتی نەبوو". 
 
هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، ئالان شێرار گوتی ''بێشک بەرکەوتن هەیە، بەڵام بەرگریکارەکە تەنیا ویستی رێگری لە تۆپەکە بکات".