چەند پەیامێکی گرنگ لە کرووسەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

تۆنی کرووس، ئەستێرەی ئەڵمانیا لەبارەی یارییەکانی یۆرۆی 2024ـەوە قسە دەکات و دەڵێت "بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە لەنێو خاکی خۆمان زۆر تایبەتە و بەرپرسیارەتییەکی گەورەمان لەسەر شانە."
 
تۆنی کرووس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "بابەتە زۆر تایبەتە بەهۆی ئەوەی پاڵەوانێتی ئەوروپا لەنێو خاکی خۆماندا ئەنجامدەدەین، پێموانییە زۆر یاریزانی گەورە لەنێو خاکی خۆیاندا بەشدارییان لە پاڵەوانێتییەکەدا کردبێت."
 
ئەستێرە ئەڵمانییەکە زیاتر قسەیکرد و گوتی "وڵاتەکەمان بەپەرۆشە، بەرپرسیارەتییەکی گەورەمان لەسەر شانە لە پاڵەوانێتییەکەدا، لە هەفتەکانی داهاتوودا، شانازییەکی گەورەیە و زۆر دڵخۆشم لەم پاڵەوانێتییەکەدا یاری دەکات، کە بەدڵنیاییەوە گۆشاریشمان لەسەر دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چێژ لە گۆشارەکان وەردەگرین."
 
کرووس لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی یاریی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر سکۆتلاند قسەیکرد و گوتی "بەدڵنیاییەوە زۆر گرنگە یارییکردنەوە بەشێوەیەکی ئەرێنی بەڕێبکەین، ئێمە شێوازی رکابەرەکەمان دەزانین کە رووبەڕوویان دەبینەوە."
 
تۆنی دەڵێت "یارییکردن بەرامبەر سکۆتلاند زۆر زەحمەتە و هەست بە ئارامی ناکەیت، لەبارەی هەڵبژاردەکەوە لە ریال مەدرید قسەم لەگەڵ یاریزانە ئیسپانییەکانی هاوڕێم کردووە کاتێک ئیسپانیا بەرامبەر سکۆتلاند دۆڕا، بۆیە لە ئێستاوە دەزانین یارییەکەمان زۆر زەحمەتە."
 
یارییەکانی یۆرۆی 2024 رۆژی هەینی14-6-2024 دەستپێدەکەن، یاریی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە کاژێر 22:00 لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و سکۆتلاند بەڕێوەدەچێت.
 
تۆنی کرووس بڕیارییداوە پێش دەستپێکردنی یارییەکانی یۆرۆی 2024 بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت، بەر لە بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتییەکەدا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا و دەیەوێت لەگەڵ هەڵبژاردەکەی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی یۆرۆ بکات.