ڤیدیۆ؛ گواردیۆلا: ریال مەدرید خۆت بگرە هاتین

رووداو دیجیتاڵ

 

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، دوای بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ، دڵخۆشیی خۆی بەو سەرکەوتنە مێژووییە نیشاندا و دووپاتیکردەوە کە هەر تیپێک نابێتە تیپێکی گەورە تاوەکو نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا نەباتەوە. گوتیشی "ئێمە سێزدە چامپیۆنزلیگ لەدوای ریال مەدریدین، بۆیە بە ریال مەدرید دەڵێم وریا بە، ئێمە هاتین".
 
یانەی مانچێستەر سیتی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا، کە لەسەر یاریگەی ئەتاتورک لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو، بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە ئینتەرمیلانی بردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی ئەوروپا.
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "سەرەتا دەمەوێت پیرۆزبایی لە ئینتەرمیلان بکەم بۆ ئەو ئاستەی پێشکێشی کرد، تێدەگەم ئەوان هەستیان چۆنە، چونکە دوو ساڵ لەمەوبەر هەمان هەستم هەبوو. هیچ وشەیەک نییە بتوانێت ئازارەکە لاببات. بەڵام من دەمەوێت بڵێم کە ئەوان دووەم باشترین تیپن لە ئەوروپا و کاتێک تۆ دووەم باشترین تیپ بی لە ئەوروپا ئەوە سەرسوڕهێنەرە". 
 
پێپ لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "دووەم شت کە دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە بە بەڕێوەبەری وەرزشی، بە سەرۆکی جێبەجێکاری یانەکەمان دەڵێم، تیپەکان بەزۆری لە پۆستەکەت دوور دەخەنەوە کاتێک شکست دەهێنیت لە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ. بەڵام بەهێزی ئەم تیپە لە سەرکەوتنەکەدا نییە کە هەمووان دەڵێن دەبێت چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنیت، بەڵکو لەوەدایە کە یانەکەت دەرفەتی ئەوەت پێدەدات هەوڵی بەردەوام بدەیت بۆ بردنەوە و بۆ ئەوەی دواجار بەدەستیبهێنیت. وادیارە بردنەوەی نازناوی ئەم پاڵەوانێتییە ئەمساڵ قەدەری ئێمە بوو".
 
راهێنەری ئیسپانیی یانە ئینگلیزییەکە، هەروەها گوتی "لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا پێنج جار خول، دووجار جامی یەکێتیی ئینگلتەرا و چوار جار جامی خولەکە و قەڵخانی پاڵەوانێتیمان بەدەستهێناوە، ئەمەش وک تاکێک متمانەت پێدەبەخشێت، بەڵام تیپەکە بەڕاستی بە تیپێکی باش نازانرێت تاوەکو نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەست نەهێنێت. ئێمەش ئەوەمان بەدەستهێنا".
 
لە کۆتاییدا، راهێنەری سیتی، بە گاڵتەوە گوتی "ئێمە سێزدە چامپیۆنزلیگ لەدوای ریال مەدریدین، بۆیە بە ریال مەدرید دەڵێم وریا بە، ئێمە لە رێگاداین، ئەگەر هەر هەڵەیەکت کرد ئەوا پێتان دەگەینەوە".