ئەستێرەیەکی بەرازیل بەشداری یەکەم یاریی کۆپا ئەمێریکا ناکات


رووداو - هەولێر

هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ گورزێکی دیکەی بەرکەوت و لە یاری کردنەوەی کۆپا ئەمێریکادا، لە تواناکانی ئەستێرەیەکی بێبەش دەبێت.

رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی رایگەیاندووە، ئارسەر مێلۆ، ئەستێرەی هێلی ناوەڕاستی سیلیساو بەو هۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە، ناتوانێت لە یاریی یەکەمی هەڵبژاردەکەیدا بەرامبەر هەڵبژاردەی بۆلیڤیا یاریی بکات.

سەرچاوەکە دەڵێت، دوای ئەوەی پشکنینی پزیشکی بۆ یاریزانەکە کراوە، دەرکەوتووە بەهۆی ئەو پێکانەی لە رانیدا تووشی بووە، ئارسەر پێویستی بە پشووی زیاتر هەیە و لە یارییەکەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی بەرامبەر بۆلیڤیا یاریی ناکات.

ئارسەر، لە دوایین یاریی دۆستانەی هەڵبژاردەکەیدا بۆ ئامادەکارییەکانی کۆپا ئەمێریکا تووشی پێکانبوو و لە یاریگە چووە دەرەوە، ئەمەش لەکاتێکدا کە هەڵبژاردەکە نەیمار داسیلڤاشی بۆ پاڵەوانێتییەکە لەدەستداوە.