ڤیدیۆ؛ راهێنەرانی رەشپێست گەورەترین قوربانیی رەگەزپەرستی نێو تۆپی پێی ئەوروپان
رووداو دیجیتاڵ
ماوەیەکی زۆرە رەگەزپەرستی تۆپی پێی گرتووەتەوە، کە بەنێوبانگترین وەرزشە لە جیهاندا، یاریزانان لە یاریگەکاندا رووبەڕووی دروشمی رەگەزپەرستی و سووکایەتی رەگەزپەرستانە دەبنەوە، تەنانەت لە رێگەی ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیاوەش بەرۆکیان بەرنادات.
ئەگەرچی فیفا و یوفا هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە دەستپێکردووە، بەڵام نەبوونی هەمەجۆریی رەنگی و رەگەزی لە پۆستە باڵاکانی تۆپی پێکدا وایکردووە رەگەزپەرستی هێشتا بە کێشەیەکی چارەسەرنەکراو بمێنێتەوە.
ترۆی دينی، پێشتر یاریزان بووە و ئێستاش راهێنەر، ئەو نیگەرانە لەوەی هێشتا لەنێو یاریگەکانی تۆپی پێدا باسی راهێنەری رەشپێست و سپی پێست دەکرێت.
ترۆی دينی، دەڵێت "پێموایە جێگەی داخە کە ئێمە پێشتر لیستی رەشمان هەیە. پێموایە جێگەی داخە کە ئێمە لە دۆخێکداین کە جیاوازی لەسەر بنەمای رەنگی پێست دەکرێت. تەنانەت هاندەران لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەیەکی نادادپەروەرانەیان لەگەڵ دەکرێت. جێگەی داخە کە کەسانی ئاوامان هەیە".
دیلرۆی کۆرینالدی، هاوبەشی دامەزرێنەری گرووپێکی بەریتانیا کە داکۆکی لە پرسی رەشپێستەکان دەکەن لە تۆپی پێدا، پێیوایە کەمی راهێنەری رەشپێست پێویستە چارەسەر بکرێت.
لە راپۆرتێکدا کە گرووپەکە لە ساڵی 2022 بڵاویکردووەتەوە باس لەوە دەکات، کە سەرەڕای ئەوەی لەسەدا چل و سێی یاریزانانی ئینگلتەرا رەشپێستن، بەڵام ژمارەی راهێنەرە رەشپێستەکانی وڵاتەکە لەسەدا چوار تێپەڕناکات، تەنانەت ئێستا تەنیا دوو راهێنەری رەشپێست لە خولی نایابی ئینگلتەرا هەن.
نەبوونی راهێنەرە رەشپێستەکان تەنیا لە خولی ئینگلتەرادا سنووردار نییە، بەو پێیەی لە خولی فەرەنسا تەنیا دوو راهێنەری رەشپێست هەیە، راهێنەرێک لە خولی ئیتاڵیا هەیە، هەروەها هیچ راهێنەرێکی رەشپێست لە خولی پلە یەکەکانی ئیسپانیا و ئەڵمانیا نییە.
ویلفرێد نانسی، کە یاریزانێکی پێشووی فەرەنسایە، راهێنەرایەتی خۆی لەگەڵ یانەی مۆنتریاڵی کەنەدی دەستپێکردووە و ئێستا راهێنەری یانەی کۆڵۆمبۆس کریوە، تاکە راهێنەری رەشپێستە لە خولی گەورەی ئەمریکا. ئەو پرسیارێک دەوروژێنێت
ويلفرێد نانسی، راهێنەر لە خولی ئەمریکا، دەڵێت "پرسیارێکی سادەم هەیە، بۆچی یاریزانی رەشپێستمان زۆرە و راهێنەری رەشپێست نییە؟ بەڵێ، وەڵامەکەم لەبەردەستدا نییە، ئێمەش لەگەڵ زۆر لە هاوکار و هاوڕێیان، هەوڵدەدەین هاوکاری و هەنگاو بنێین، بەڵام شتێکی ونبوو نێوان ئەو هەموو یاریزانە رەشپێستانەی کە هەمانە و ژمارەی ئەو راهێنەرە رەشپێستانەی هەن هەیە".
یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا ساڵی 2020 دەستپێشخەرییەکی کرد بۆ ئەوەی هەمەچەشنی بکرێت لە دانانی بەرپرس و بەڕێوەبەرانی رەشپێشت لە چەندین پۆستی نێو تۆپی پێی ئینگلتەرا، بەڵام لە دوایین راپۆرتی یەکێتییەکەدا دەرکەوت کە نوێنەرایەتی رەشپێستەکان زۆر کەمە بەراورد بەو ژمارە زۆرەی یاریزانانی رەشپێست لە بەریتانیا.