لووتکەکەی ئەمشەوی پرێمەرلیگ، بریندارەکان کۆدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

رزگارکردنی ئەوەی لە وەرزەکەدا ماوەتەوە و ئومێد زیندووکردنەوە، لەپێناو گەیشتن بەپاڵەوانێتییەکی ئەوروپی لە وەرزی داهاتوودا، ناونیشانی رووبەڕووبوونەوەی چێڵسی و نیوکاسڵ دەبێت لە دوا یاریی، گەڕی 28ی پرێمەرلیگدا، لەسەر یاریگەی ستامفۆرد بریج.
 
هەردوو یانە لە وەرزێکی هاوشێوەی یەکدیدا دەژین، چێڵسی پاشئەوەی شۆڕشی گۆڕانکاری لە ریزەکانیدا بەرپاکرد و پارەیەکی زۆری خەرجکرد و ئومێدی هەڵسانەوەی لای هاندەرانی دروستکرد، نەیتوانی شتێکی ئەوتۆ لە وەرزی ئەمساڵدا بکات و لەبری بردنەوە، کەوتن و شکست، ناونیشانی وەرزەکەی بوون.
 
نیوکاسڵ لای خۆیەوە بەهەمان شێوە، گەیشتنەوەی بە چامپیۆنزلیگ پاش ساڵانێکی زۆر لە دابڕان لە پاڵەوانێتییەکە، لەبری بەرەوپێشبردنی تیپەکە، یانەکەی چەند هەنگاوێک هێنایە دواوە و دەریخست تیپەکە چەرمەسەری زۆر لەوە گەورەتری هەن کە بەتەنیا بەبەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکی ئەوروپیدا چارەسەر ببن.
 
هەردوو تیپ، لە کاروانی هەفتەکانی رابردووی وەرزی ئەمساڵدا، بوونە قوربانیی ناسەقامگیری لە ئەنجامەکانیان و بەشێکی ئەو ناسەقامگیریەش لە هەردوو یانەکەدا، بۆ پێکانی زۆری یاریزانانیان دەگەڕێتەوە، کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 
بەرلەیارییەکەی ئەمشەوی نێوانیان، هەردوو تیپ تەنیا چوار خاڵ لەیەکدییەوە دوورن و لە کاتێکدا نیوکاسڵ لە پلەی دەیەمە، چێڵسی بەشوێنیەوەیەتی لە پلەی یانزەیەم، بەڵام بەئاوڕدانەوە بۆ ئەنجامی چەند هەفتەی رابردووی هەردوو یانە لە خولەکەدا، ئەو راستییە رووندەبێتەوە کە چێڵسی ئەنجامەکانی باشترن و نیوکاسڵ لە سووڕانەوە لەنێو بازنەی گومان و ئەنجامی خراپدا، هێشتا بەردەوامە.
 
ئەمشەو چێڵسی بەلیستێکی درێژی پێکانەوە یارییەکەی ئەنجامدەدات، ئێدی هاوی راهێنەری نیوکاسڵیش ناچارە لە هەندێک شوێنی پێکهاتەکەیدا، دەست بۆ ئەو یاریزانانە ببات کە لەسەداسەد پێشتر پشتی پێنەبەستوون، هەردوو راهێنەریش لە دۆخێکدا دەژین، کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەر رۆژێکی دیکە لە کۆتایی خولەکە، دەنگۆکانی دوورخستنەوەی ئەوان، زیاتر و زیاتر دەبێت.
 
نیوکاسڵ لەسەردانەکەی ئەمشەویدا بۆ یاریگەی چێڵسی، هەوڵدەدات ئەو مێژووە خراپەی خۆی لە نێو ئەو یاریگەیە لەبیر بکات کە ساڵانێکی زۆرە سەرکەوتنی تێدا بەدەستنەهێناوە و دوا سەرکەوتنی لەو یاریگەیەدا بۆ ساڵی 2012 دەگەڕێتەوە.
 
چێڵسی و نیوکاسڵ لەبەرئەوەی لە خشتەی ریزبەندی خولەکەدا ئێستا هەمان دۆخ و هەمان کێشەیان هەیە، یارییەکەی ئەمشەوی نێوانیان گرنگ و بەبایەخە بۆ ئەوەی هەردوو تیپ هەوڵی بەدەستهێنانی سەرکەوتنی تێدا بدەن و کەمێک لە گوشارەکانی سەرخۆیان کەمبکەنەوە و گوشار بۆ سەر بەرامبەرەکەیان زیاد بکەن.