پێش یارییەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا، سەرۆکی ناپۆلی بڕیارێکی گرنگ دەدات

رووداو دیجیتاڵ
 
پێش یارییەکەیان بەرامبەر یانەی بارسێلۆنا، ئۆرێلیۆ دی لۆرێنتێس، سەرۆکی یانەی ناپۆلیی ئیتاڵی بڕیاریداوە خەڵاتێکی گەورەی یاریزانەکانی بکات ئەگەر هاتوو یانەکەی بۆ مۆندیالی یانەکانی 2025 سەربکەوێت.
 
سبەی سێ شەممە، کاژێر 23:00، یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدرێن و لە یارییەکی چارەنووسسازدا، یانەی بارسێلۆنا میوانداری ناپۆلی دەکات، کە یاریی چوون بە گۆڵێک بۆ هەر لایەک کۆتایی هاتبوو. 
 
دی لۆرێنتێسی سەرۆکی ناپۆلی، پشتگیرییەکی گەورەی یاریزانەکانی دەکات و بڕیاریداوە بڕی 10 ملیۆن یۆرۆ بە تیپەکەی بدات، ئەگەر هاتوو یانەکە بۆ مۆندیالی یانەکانی 2025 سەربکەوێت، دەرکردنی بارسا و سەرکەوتن بۆ قۆناخی چارە کۆتایی چامپیۆنزلیگیش، تاکە هەل دەبێت بۆ ئەوەی ناپۆلی هیوای گەیشتن بەو پاڵەوانێتییە بە زیندوویی بهێڵێتەوە.
 
تاوەکو ئێستا، ئینتەر میلان وەک یەکەم یانەی ئیتاڵی بلیتێکی جامی جیهانی یانەکانی 2025ـی وەرگرتووە، لە دوای ئەویش یوڤێنتۆس دێت کە خاوەنی 47 خاڵە، بەڵام ناپۆلی کە خاوەنی 42 خاڵە، هێشتا چانسی ئەوەی هەیە شوێن بە یوڤێنتۆس چۆڵبکات و بلیتەکە بۆخۆی ببات، یەکەم هەنگاویش کە پێویستە لەو پێناوەدا بینێت، دەرکردنی بارسایە لە چامپیۆنزلیگ.
 
ناپۆلی پێنج خاڵ لە دوای یوڤێنتۆسەوەیە، لە ئەگەری دەرکردنی بارسێلۆنا، خاڵێک وەردەگرێت. ئەگەر هاتوو یارییەکە بباتەوە، دوو خاڵی دیکەشی بۆ زیاددەکرێت، بەڵام ئەگەر یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتایی بێت و ناپۆلی بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بۆ قۆناخی هەشت سەربکەوێت، ئەوا تەنیا خاڵێکی بۆ زیاددەکرێت.
 
دواتر لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا، ناپۆلی دەتوانێت لە زیادکردنی خاڵەکانی بەردەوامبێت و بێتە شوێنی یوڤێنتۆس لە ریزبەندییەکەدا، بەڵام سەرەتا دەبێت رێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بارسێلۆنا لە نێو یاریگەی خۆیدا لە چامپیۆنزلیگ بکاتە دەرەوە.