گالتێ باسی داهاتووی مێسی، رامۆس و ئێمباپێ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

کریستۆف گالتێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان، باسی داهاتووی ئەستێرەکانی، لیۆنێل مێسی، سێرخیۆ رامۆس و کیلیان ئێمباپێ دەکات و دەڵێت "ئەوان پێویستییان بە رێنمایی من نییە". هەروەها دەشڵێت "ئەوان لەسەر دۆڕان و سەرکەوتن راهاتوون".
 
کریستۆف گالتێ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، وەڵامی دوو پرسیاری سەبارەت بە داهاتووی مێسی و رامۆس لەگەڵ یانەی پاریسی و ئەگەری مانەوەی ئیمباپێ لە یانەکە دایەوە.
 
راهێنەری پی ئێس جی، سەرەتا لەبارەی مێسی و رامۆس، گوتی "سەبارەت بە مێسی و رامۆس، گومانی تێدا نییە کە ئەوان دوو یاریزانی گەورەن، پێشینەیەکی سەلمێنراویان هەیە، هەروەها توانای بەڕێوەبردنی دۆخێکی لەم شێوەیەیان هەیە، ئەوان لە ژیانی وەرزشیی خۆیانەوە دەزانن چۆن چامپیونزلیگ بەدەستبهێنن و پێشتریش دەرکراون و لەسەر ئەو جۆرە بارودۆخانە راهاتوون". 
 
گالتێ زیاتر لەو بارەیەوە گوتی "ئەوان دوو کەس و دوو یاریزانن لە ئاستێکی بەرزدا، ئێمە بەخێرایی لە یارییەکەوە بۆ یارییەکی دیکە دەڕۆین. لە رووی باری کەسییەوە، مەبەستم گرێبەستەکانە، ئەوان دوو کەسن دەتوانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە دۆخانە بکەن".
 
سەبارەت بە داهاتووی ئێمباپێ لەگەڵ یانەکەش، کریستۆف گالتێ گوتی "پێویست ناکات هەوڵبدەم بڕوا بە کیلیان بێنم بۆ مانەوە، کیلیان رای خۆی دەربڕیوە، بەڵام ئەگەر پرسیار لە هەر یاریزانێک بکەیت لە دۆخی ئێستای کیلیاندا، بێگومان هەست بە نائومێدی دەکات دوای ئەوەی دەرکرا".
 
راهێنەرەکە زیاتر لەبارەی ئێمباپێیەوە گوتی "کیلیان یاریزانی پاریس سانجێرمانە و لە هەموو یارییەکدا خۆشەویستی خۆی بۆ یانەکەی نیشاندەدات. ئەو لە هەموو یارییەکدا سوورە لەسەر بەدەستهێنانی سەرکەوتوون و ئەنجامدانی کارێکی باش بۆ ئەوەی یارمەتی یانەکەی بدات بگاتە بەرزترین ئاست".