خۆرخێ خیسوس: رۆناڵدۆ تەنیا لە مۆندیالی کەمە

11-02-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خۆرخێ خیسوس کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خۆرخێ خیسوس، راهێنەری پۆرتوگالیی یانەی هیلالی سعودی، لە بەشێکی هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیی نوێدا، لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی هاونیشتیمانییەکەی، یاریزانی یانەی نەسڕ، وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە و دەڵێت "رۆناڵدۆ تەنیا لە مۆندیالی کەمە و لە سعودیەش هیچی نەبردووەتەوە".
 
لەو هەڤپەیڤینەدا، راهێنەری یانەی هیلالی رکابەری یانەی نەسڕ، سەرسامبوونی خۆی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆی هاونیشتیمانییەکەی نیشاندا و گوتی "کریستیانۆ بۆ پۆرتوگالییەکان سومبول و شانازییە".
 
ئەو زیاتر لە وەسفی رۆناڵدۆدا گوتی "کاتێک بۆ یەکەمجار هاتمە سعودیە، رۆناڵدۆیان دەناسی نەک پۆرتوگال".
 
هەروەها گوتی "تابلۆکانی سەر شەقامەکانی ناو سەنتەری شارەکە هەمووی لەسەر رۆناڵدۆ بوو، ئەوە شەش ساڵ لەمەوبەر بوو".
 
خیسوس بەردەوام بوو لەسەر پەسندانی کریستیانۆ و گوتی "ئەو لە تەمەنی 40 ساڵیدا نموونەیە. لە یەکێک لە یارییەکاندا کە بەرامبەریان ئەنجامماندا، بەخۆم دەگوت: چۆن دەتوانێت لە تەمەنی 39 ساڵیدا ئەوەندە خێرا رابکات؟! زۆر خێرا و بەجۆش و خرۆشە!".
 
دوای ئەم قسانە لە هەڤپەیڤینەکەدا، لیێانپرسی ئایا لەگەڵ کریستیانۆ کاردەکەیت؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "پێموایە ئەوە ئیدی ناکرێت".
 
هەروەها لێیانپرسی پەیوەندیت لەگەڵ کریستیانۆ چۆنە؟ ئەو بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە "کاتمان نییە لە سعودیە یەکدی ببینین، پێشتر هاوڕێ بووین لە پۆرتوگال، زیاتر لە پورتوگال چاوم پێیکەوتووە".
 
راهێنەری هیلال، بەپێکەنینەوە گوتی "رۆناڵدۆ لەسەر ئاستی وەرزشی هەموو شتێکی بەدەستهێناوە، تەنیا لە مۆندیالی کەمە، هەروەها لە سعودیەش تاوەکو ئێستا هیچ نەبردووەتەوە".
 
لە کۆتاییشدا جیسوس گوتی "لە پۆرتوگال وەک پێویست بەهای کریستیانۆ نازانرێت، بەراورد بەوەی پێشکەشی کردووە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە