رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، ئاشکرایکرد تیپەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید لە پاشکۆی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ ئامادەیە.
مانچێستەر سیتی، ئەمشەو کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان لە یاریگەی خۆیدا و لە یاریی چوونی قۆناخەکەدا، میوانداریی ریال مەدریدی ئیسپانی دەکات.
تاوەکو ئێستا، بابەتی بەشدارینەکردنی یانەی ریال مەدرید لە ئاهەنگی باڵۆن دۆری ئەمساڵ، بەسەر کۆی گشتیی دۆخەکەدا زاڵە، بەڵام راهێنەری سیتی، رەتیدەکاتەوە لەوە نیگەران بێت کە ئەوان بەشدارییان نەکرد.
پێپ لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا دەڵێ، "هیچ نیگەران نیم لەوەی ئەوان نەهاتنە ئاهەنگی باڵۆن دۆر، دڵخۆشیشم بۆ ئەوەی رۆدری بەدەستیهێنا. لە کاتێکدا ڤینیسیۆس جۆنیۆریش ئاستێکی ناوازەی هەبوو ساڵی رابردوو و ئەویش شایستەی خەڵاتەکەیە. ئەوەی روویدا هاوشێوەی ململانێی نێوان لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو لەسەر هەمان خەڵات، بەڵام ئەوەی روویدا، بووە رابردوو".
لە ئاهەنگی بالۆن دۆردا، بەپێچەوانەی هەموو پێشبینییەکان، رۆدری یاریزانی مانچێستەر سیتی، خەڵاتەکەی بەدەستهێنا و شاندی ریال مەدرید بەشداریی ئاهەنگەکەیان نەکرد.
لەبارەی ئاستی یانەی ریال مەدرید، بەتایبەت هێرشبەرانی ئەو یانەیە، راهێنەری مانچێستەر سیتی دووپاتیدەکاتەوە، کۆنترۆڵکردنی ئێمباپێ، ڤینیسیۆس، بێلینگهام و رۆدریگۆ بەدرێژایی کاتی یاریی ئەستەمە، ئەو دەڵێ، "مەحاڵە بتوانیت ماوەی نەوەت خولەک یان سەد خولەک کۆنترۆڵی ئەو یاریزانانە بکەیت کە ئەوان هەیانە، یان پشت بەوە ببەستی بەدرێژایی کاتی زیادکراوی یاریی. هەمووان ئەو راستییە دەزانن و هەرلەبەرئەوەش من شتێکی نوێ لەبارەی شێوازی تۆپ ناردنی ئەوان ناڵێم، یان دەرچوونەکانیان و بڕینی یاریزانان و توانایان لە هێشتنەوەی تۆپ لای خۆیان. چوار یاریزانەکەی پێشەوەی ئەوان، ناوازەن و هەمووانیش ئەوە دەزانن. ئێمە دەبێ ئەوەندەی دەتوانین، کاریگەرییان کەم بکەینەوە و دەزانین کە کاریگەرییەکەی ئەوان گەورە دەبێت".
راهێنەری مانچێستەر سیتی، کە بەوە ناسراوە کەتەلۆنییەکی سەربەخۆخوازە و ساڵانی کارکردنی لە بارسێلۆنا، رووبەڕووی ریال مەدرید بووەتەوە، دووپاتیدەکاتەوە رێزی زۆری ئەو یانەیە دەگرێت، ئەو دووپاتیدەکاتەوە کە "لە یارییەکەدا کارلۆ ئەنچیلۆتی ئەوە دەکات کە پێویستی پێیەتی و ناڵێم ریال مەدرید پێویستی بەچییە. ئەوان پێشەنگی لالیگان و وەرزی رابردوو زۆر کەم یارییان دۆڕاند و ئەمساڵیش لە رکابەریکردن بەردەوامن. من زۆرجارێک دوای شکستپێهێنان یان شکستهێنان بەرامبەریان گوتوومە و دووپاتی دەکەمەوە کە من رێزێکی مەزنم بۆ ریال مەدرید هەیە بەهۆی یاریزانەکانی و بەهۆی ئەوەوە کە لە چامپیۆنزلیگ بەدەستیان هێناوە".
رووبەڕووبوونەوەی سیتی و ریال مەدرید بۆ چوارەم وەرزی لەسەریەکە لە چامپیۆنزلیگدا دووبارە دەبێتەوە و لە سێ وەرزی پێشوودا، براوەی یاریی نێوان ئەو دوو یانەیە، نازناوی پاڵەوانێتییەکەشی بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ