وریا غەفووری لە رێگەی رووداوەوە پەیامێک ئاراستەی هاندەران دەکات

رووداو - هەولێر

یاری نێوان هەردوو یانەی شورتەی عێراقی و ئیستقلال تەهرانی ئێرانی، کە لە هەولێر بەڕێوەچوو بە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان کۆتاییهات.

لە گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا و لە کۆمەڵەی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، هەردوو یانە لەسەر یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر و لەکەشوهەوایەکی سارددا رووبەڕووی یەکبوونەوە، بەڵام بەهێزی و گرنگی یارییەکە رێگەی لە ئامادەبوونی هاندەران نەگرت و نزیکەی 10 هەزار هاندەری هەردوو یانە ئامادەی یارییەکە بوون.

هەر زوو یانە ئێرانییەکە هەوڵەکانی بۆ تۆمارکردنی گۆڵ دەستپێکرد، ئەوبوو لە خولەکی 24 حوسام کازم، بەهەڵە گۆڵێکی لە یانەی شورتە کردەوە و ئیستقلالی کردە خاوەنی گۆڵێک، گێمی یەکەمی یارییەکە تەنیا ئەم گۆڵەی بەخۆیەوە بینی.

لەسەرەتای گێمی دووەمی یارییەکە ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ یانەی شورتە هەژمارکرد، عەلی فایز بەسەرکەوتووانە لێدانەکەی جێبەجێکرد و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی دەستپێک.

دوای یەکسانکردنەوەی یارییەکە هەردوو یانە هەوڵی زۆریاندا بۆ ئەوەی گۆڵی زیاتر تۆماربکەن، بەڵام یاریزانانی هیچ یەکێک لە هەردوو یانە سەرکەوتوو نەبوون و یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان کۆتاییهات.

لە یارییەکەدا وریا غەفووری، یاریزانی کورد و کاپتنی ئیستقلال بەباشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا و دوای یارییەکەش بە رووداوی گوت، سوپاسی هەموو ئەو هاندەرانە دەکەم کە بەهۆی منەوە لە یاریگە ئامادەبوون و ئەمە بۆ من جێگەی دڵخۆشییەکی گەورەیە.

یاری داهاتووی یانەی شورتە رۆژی 17ـی ئەم هەر لە هەولێر بەرامبەر یانەی وەحدەی ئیماراتی دەبێت و یانەی ئیستقلالیش لە رۆژی هەژدەی مانگ بەرامبەر یانەی ئەهلی سعودی یارییدەکات.