لێدوانی ئەنچیلۆتی و گاتوسۆ لەبارەی یارییەکەی جامی سوپەری ئیسپانیا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو لە یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیادا، هەردوو یانەی ریال مەدرید و ڤالێنسیا کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی شا فەهەد لە ریازی پایتەختی سعودیە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
راهێنەرانی هەردوو یانە، کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید و جینارۆ گاتوسۆ، راهێنەری یانەی ڤالێنسیا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەیان لەبارەی یارییەکەوە بۆ رۆژنامەڤانان کرد، کە پوختەی لێدوانەکانیان بەمشێوەیە بوو:
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید:
ئێمە لێرە یارییەکانی جامی سوپەر دەکەین بەهۆی ئەو کەشوهەوا نایابەی ساڵی رابردوو بینیمان، هاندەران زۆر لە ئێمەوە نزیکن و کەشێکی نایاب هەیە، بۆیە زۆر حەزم لە یاریکردنە لێرە.
سەبارەت بە کریستیانۆ رۆناڵدۆش گرێبەستێکی زۆر باشە بۆ یانەی نەسڕ. هیوای سەرکەوتن بۆ کریستیانۆ دەخوازین، چونکە ئەفسانەی یانەکەمانە وەک گاریس بەیڵ، کە بڕیاریدا دوێنێ واز لە یاریکردن بێنێت، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین بۆ داهاتوو، ئەو لە دڵی هەموو هاندەرانی ریال مەدریددایە.
نازناوەکان هەمیشە بۆ ئێمە گرنگن، پێموایە ساڵی رابردوو ئەو نازناوە بوو کە متمانەی بە ئێمە بەخشی بۆ تەواوی وەرزەکە، هیوادارم ئەمساڵ لەگەڵ جامی سوپەردا ئەوە دووبارە بکەینەوە، بۆ ئەوەی ئاستێکی باشتر لە دوایین یاریمان پێشکەش بکەین کە بەرامبەر ڤیاریال دۆڕاندمان.
من و گاتوسۆ چەندین ساتی جوانمان پێکەوە بەڕێکردووە، چامپیۆنزلیگمان بردووەتەوە و چەندین وەرزی خۆشمان هەبووە کە هەمیشە لەبیرم دەمێنێتەوە.
جینارۆ گاتۆسۆ، راهێنەری یانەی ڤالێنسیا:
ئێمە بەختەوەرین، چونکە دەتوانین ئەم جۆرە یارییانە بکەین، ئێمە رووبەڕووی تیپێک دەبینەوە کە عەقڵیەتێکی باشی هەیە، زۆر لە یاریزانانی ریال مەدرید کە لە ماوەی پێنج شەش ساڵی رابردوودا یارییان بۆ ئەم یانەیە کردووە، چەندین نازناویان بەدەستهێناوە. ریال مەدرید تیپێکی گەورەیە، پێموایە ئێمە شتێکمان نییە لەدەستیبدەین، دەبێت ئامادەکارییەکی باش بکەین و رێز لە رکابەرەکەمان بگرین.
هەندێک پێیانوایە تیپەکەمان خۆی بەدەستەوە داوە، منیش دەڵێم دەتوانین یارییەکی نایاب ئەنجام بدەین، سەرکەوتن بەدەستبهێنین و ریال مەدرید دەربکەین، گرنگ نییە یارییەکە کۆنتڕۆڵ بکەین، گرنگ ئەنجامی کۆتاییە.
سەبارەت بە ئەنچیلۆتی؟ هیچ شتێکم نییە بیڵێم، لە میلانۆ رۆژانی جوانمان پێکەوە بەسەر بردووە و چەندین نازناویشمان بەدەستهێناوە، زۆر رێزی لێدەگرم.