ڤیدیۆ؛ جامی ئەفریقا.. ئەو پاڵەوانێتییەی هاندەران چێژێکی زیاتری پێدەدەن

رووداو دیجیتاڵ

 

جامی ئەفریقا جیاواز لە پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکانی دیکە، ئەو پاڵەوانێتییەیە کە ئەگەر یارییەکیشی تام و چێژت پێنەدات دیمەنی هاندەرە سەیر و سەمەڕەکانی چێژت پێدەبەخشن.
 
هاندەرانی ئەفریقا، کە هۆگرییەکی سەرشێتانەیان بۆ تۆپی پێ هەیە، لە پێناو هاندانی هەڵبژاردەکانیان پێیان شەرم نییە هەر شتێک بکەن، هەندێکیان داب و نەریتە رەسەنەکانیان دەکەنە کەرستەی رازاندنەوەی پەیژەکانی یاریگە، هەندێکیان بە موسیقا ژەنین، هەندێکی دیکە بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کلتووری و گۆرانیگوتن و هەڵپەڕکێ یاریگە دێننە جۆش و خرۆش.
 
هەندێک لە هاندەرە ئەفریقییەکان بۆ سەرخستنی تیپەکانیان سرووتە ئایینییەکان بەکاردەهێن، نزا دەکان، لە خوا دەپاڕێنەوە، تەنانەت پەنا دەبەنە بەر سیحرکردن لە تیپی بەرامبەر، پارە دەدەنە جادووگەرەکان، لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە نێو یاریگە بۆ ئەوەی کاریگەری بخەنە سەر یاریزانانی تیپی بەرامبەر، تاوەکو لە بەرامبەر تیپەکەیاندا تەمبەڵ و لەرزۆک دەربکەون و نەتوانن ئاستێکی باش پێشکەش بکەن.
 
ئەفریقییەکان هێندە بە پەرۆشن بۆ چوونە یاریگەکان، لەگەڵ دەستپێکردنی هەر پاڵەوانێتییەک بازاڕی بەرگدوورەکان گەرم و گوڕ دەکەن، چونکە خواست لەسەر دوورینی جلو و بەرگی کلتوری، یان ئاڵا یان درێسی هەڵبژاردەکان سەد ئەوەندەی لێدێت.
 
لەگەڵ ئەوەی کە کۆرۆنا ماوەی ساڵێکە هەمووانی بێبەشکردووە لە چوونە نێو یاریگەکان، کە ئێستاش کاریگەری ماوە و لە جامی ئەفریقادا ژمارەی ئامادەبووان کەم دەکرێتەوە، بەڵام ژمارەی هاندەران کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت لەسەر کەشوهەوای نێو یاریگە، چونکە بەخۆڕایی نەگووتراوە، هەر هاندەرێکی ئەفریقا هێندەی 10 هاندەری دیکە جۆش و خرۆشی هەیە.
 
یەکێتی تۆپی پێی ئەفریقا لە یەکەم هەنگاودا بڕیاریداوە ژمارەی ئامادەبوونی هاندەران لە یارییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا کەم بکاتەوە، کە لە هەر یارییەکدا نابێت زیاتر لە 60٪ـی هاندەران ئامادەی یاریگە ببن، تەنیا یارییەکانی کامیرۆن نەبن، کە بۆ ئەوان رێژەی ئامادەبوون 80٪ دەبێت، بەو پێیەی وڵاتی میواندارە، بەڵام ئەگەر بارودۆخی کۆرۆنا خراپتر بوو ئەو رێژەیە کەمتریش دەکرێتەوە.
 
هیچ هاندەرێک بۆی نییە بچێتە نێو یاریگە ئەگەر دوو قورچکی ڤاکسینی وەرنەگرتبێت، یان لانیکەم پشکنین بکات و ئەنجامەکە نێگەتیڤ بێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە کامیرۆن رێژەی ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە لە 2٪ تێپەڕی نەکردووە، سەرباری هەموو ئەمانە هاندەرانی کیشوەری رەش فاکتەرێکی سەرەکین بۆ چێژبەخشین بە پاڵەوانێتییەکە.