گابۆن بە سەرئێشەوە سێ خاڵی بەدەستهێنا


رووداو دیجیتاڵ 

لە دوایین یاریی شەوی رابردووشدا، ھەڵبژاردەی گابۆن تووشی زەحمەتی بووە تاوەکو سێ خاڵی یارییەکەی لە چنگی ھەڵبژاردەی دورگەکانی قەمەر دەرھێنا.
 
ئەم یارییەش لە درێژەی رکابەرییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقادا و لە کۆمەڵەی سێیەم بەڕێوەچوو، کاتێک گابۆن کە بەبێ ئۆبامیانگی ئەستێرەی ئارسینال یارییان دەکرد کە بەھۆی کۆرۆناوە ئامادە نییە، بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام شکستیان بە ھەڵبژاردەی دورگەکانی قەمەر ھێنا.
 
قەمەر کە وڵاتێکی ئیسلامین و دەکەونە بەشی رۆژھەڵاتی کیشوەری ئەفریقاوە، دورگەیەکی بچووک و خاوەن دانیشتووانێکی کەمن، بەڵام بەر لە 45 ساڵ لە فەرەنسا جیابوونەوە و سەربەخۆییان وەرگرت، لەم یارییەدا ئاستێکی زۆر باشیان پێشکێشکرد و بوونە سەرئێشە بۆ گابۆنییەکان.
 
تاکە گۆڵی یارییەکەش لە رێگەی ئارۆن بۆپێندزا لە خولەکی 18 تۆمارکرا و گابۆن بووە خاوەنی سێ خاڵی یەکەم لە کۆمەڵەکەدا.