ئەمرۆ عێراق و بەحرەین یاری یەکلاکەرەوە دەکەن

رووداو-هەولێر 

هەڵبژاردەی ئۆڵیمپیی عێراق لە دووەم یاری خۆیدا لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیای خوار 23 ساڵان رووبەڕووی هەڵبژاردەی بەحرەین دەبێتەوە.

ئەمڕۆ کاژێر 13:15، ساماسات لە تایلەند. بەڵبژاردەی ئۆڵیمپیی عێراق یارییەکی گرنگ بەرامبەر بە هەڵبژاردەی ئۆڵیمپیی بەحرەین دەکات.

عێراق لە یاری یەکەمیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئوسترالیا 1-1 یەکسانبووبوو، بەڵام بەحرەینییەکان تووشی شکستێکی گەورە و مێژوویی بوون، کاتێک بە ئەنجامی پێنچ گۆڵی بێ وەڵام بە هەڵبژاردەی تایلەند دۆڕان.

بەحرەینییەکان کە سەمیر شەمامی توونسی راهێنەرایەتییان دەکات، ئەمە دوا هیوا و هەلیان دەبێت و لە ئەگەری دۆڕاندنی یارییەکە، راستەوخۆ ماڵئاوایی دەکەن.

ئامانجی یەکەم لە بەڕێويچوونی جامی ئاسیای خوار 23 ساڵان ئەوەیە کە سێ هەڵبژاردە شانبەشانی هەڵبژاردەی ژاپۆن دیاری بکرێن بۆ ئەوەی بەشداری لە یارییەکانی ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ بکەن کە ئەمساڵ دەکرێت.