ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ.. ڤینی گەڕایەوە و لیڤەرپوول دەیەوێت لە ئیسپانییەکی دیکە بباتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو یارییەکانی گەڕی شەشەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەڕێوەدەچن، 9 یاری لە دوو کاتی جیاوازدا بەڕێوەدەچن و چەند رووبەڕووبوونەوەیەکی گرنگ بەخۆیەوە دەبینێت، کە گرنگترین یاری لەنێوان ئاتالانتا و ریال مەدرید دەبێت.
یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، تاقیکردنەوەی شەشەم لە چامپیۆنزلیگدا ئەنجامدەدات و دەیەوێت شەشەم بردنەوەی لەسەریەک تۆماربکات، کاتێک بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەرامبەر یانەی جیرۆنای ئیسپانی یاری دەکات.
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی چامپیۆنزلیگدا، لە ئانفێڵد، یانەی لیڤەرپوول لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی جیرۆنا دەکات.
رێدز بە ئارامییەکی زۆرە یارییەکە ئەنجامدەدات، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەم هەفتەیە لە پرێمەرلیگدا بەهۆی خراپی کەشوهەواوە یاری نەکرد و ئامادەکارییەکی زیاتری بۆ ئەم یارییە کردووە.
بەر لەم یارییە، ئالیسۆن بیکەر، گۆڵپارێزی یەکەمی یانەکە و دیۆگۆ جۆتا، ئەستێرەی پۆرتوگالی، کە ماوەیەک بوو بەهۆی پێکانەوە دابڕابوون گەڕانەوە نێو مەشقەکانی یانەکە و لە دوایین راهێنانەکانی لیڤەرپوولدا ئامادەبوون.
رێدز هەر پێنج یاریی رابردووی بردووەتەوە و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر کردووە، یانەی جیرۆنای ئیسپانی، ئەمە یەکەمجارە بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا دەکات و لە پێنج یاریی رابردووی پاڵەوانێتییەکەدا، تەنیا یەک بردنەوەی تۆمارکردووە و چوار یاریی دۆڕاندووە، ئێستا یانەکە لە پلەی 30ـەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپایە.
ڤینی ئامادەیە و ریال مەدرید لە بێرگەمۆیە
ڤینیسیۆس جونیۆر، بۆ یارییکردن ئامادەیە و دەیەوێت سەرکردایەتی یانەی ریال مەدرید بکات، بۆ قەرەبووکردنەوەی دۆڕانی رابردوویان لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر یانەی لیڤەرپوول.
ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یانەی ریال مەدرید لە یارییەکی زەحمەتدا بەرامبەر ئاتالانتا یاری دەکات، دوای ئەوەی لە چەند یارییەکی رابردوودا بەهۆی پێکانەوە یاریی نەکرد، ڤینیسیۆس بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە مەشق و راهێنانەکانی یانەی شاهانەدا کردووە و چاوەڕواندەکرێت ئەمشەو لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەدا بێت.
پاڵەوانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ، جگە لە سەرکەوتن بە پلەی ئۆف هەلی دیکەی نەماوە، سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات و دەیەوێت بردنەوە تۆماربکات بۆ ئەوەی ئەو هەلەشی نەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە.
ئەرکی ریال مەدرید لە یارییەکەی ئەمشەودا زەحمەتە، لەکاتێکدا رکابەرەکەی یەکێکە لەو سی یانانەی تاوەکو ئێستا لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیە، لەکاتێکدا ریال مەدرید لە پێنج گەڕی رابردوودا 3 یاریی دۆڕاندووە و لە چامپیۆنزلیگدا لە باشترین کاتەکانیدا نییە.
یارییەکەی ریال مەدرید بەرامبەر ئاتالانتا لەکاتێکدایە، یەکەم یاریی ئەم وەرزەی هەردوو یانە بەرامبەر یەک بوو و لە جامی سوپەری ئەورووپادا، یانەی ریال مەدرید لە یانە ئیتاڵییەکەی بردەوە.
یانەی ئاتالانتا دەیەوێت درێژە بەو ئاست بەرزی و ئەنجامە باشانەی بدات، کە لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەورووپا هەیەتی، کاتێک ئەمشەو لە بێرگەمۆ بەرامبەر یانەی ریال مەدرید یاری دەکات.
ئاتالانتا لەژێر سەرپەرشتی جیانپێرۆ گاسپەرینی لە باشترین کاتەکانیدایە، لەسەر ئاستی ئیتاڵیا لە پلەی یەکەمی ریزبەندی سێری ئایە و لە چامپیۆنزلیگیشدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیە، ئەمشەو دەیەوێت هەم سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت هەمیش لە دۆخی ناجێگیری ریال مەدرید بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆمار بکات.
ئاتالانتا سێ یاریی بەرامبەر ریال مەدرید کردووە، دوو یارییان لە چامپیۆنزلیگدا بووە و یەکێکیان لە جامی سوپەری ئەورووپادا، یانەکە هەرسێ یارییەکەی دۆڕاندووە و ئەمشەو دەیەوێت یەکەم بردنەوە بەرامبەر لۆس بلانکۆس تۆماربکات.
لووتکەی ئەڵمانی و ئیتاڵی
یەکێکی دیکە لە یارییە بەهێزەکانی ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ، رووبەڕووبوونەوەیەکی ئەڵمانی و ئیتاڵی دەبێت، کاتێک دوو راهێنەری گەنج رووبەڕووی یەکدەبنەوە، یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی میوانداری یانەی ئینتەرمیلانی ئیاڵی دەکات.
یارییەکە لە بای ئارێنا بەڕێوەدەچێت، ئینتەرمیلان دەیەوێت پارێزگاری لە سەرەتا باشەکەی لە چامپیۆنزلیگدا بکات و بایرلیڤەرکوزنیش چاوی لە مسۆگەرکردنی بلیتێکی قۆناخی داهاتووی رکابەرییەکەیە.
یانەی ئینتەرمیلان، تاوەکو ئێستا هاوشانی لیڤەرپوول و ئاتالانتا یەکێکە لەو یانانەی هیچ یارییەکی لە چامپیۆنزلیگدا نەدۆڕاندووە، بەڵام کاریگەرتر لەوە ئەوەیە، یانەکە هیچ گۆڵێکیشی لێنەکراوە و لە پێنج یارییدا یان سۆمێر، پێنج کلین شیتی هەیە و ئەمشەو پێکهاتەی سیمۆنی ئینزاگی دەیەوێت پارێزگاری لەو ئەنجامە باشانەی بکات.
یانەی بایرلیڤەرکوزن ئێستا بە سێ بردنەوە، یەکسانبوونێک و دۆڕانێک لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە و چاوی لەوەیە لەبەردەم هاندەرانیدا کۆتایی بە سەرکێشییەکانی نیرازۆری بهێنێت و خۆی لە گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو نزیک بکاتەوە.
ئەم دوو یانەیە پێشتر سێ یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، یەکێکیان لە یۆرۆپالیگدا و دووەکەی دیکە لە چامپیۆنزلیگدا، ئینتەرمیلان هەرسێ یارییەکەی بردووەتەوە و مێژووش لە بەرژەوەندی یانەکەی میلانۆیە.