چیرۆکی من.. ئەو کرێکارەی بووە ئەستێرەیەکی بەنێوبانگی تۆپی پێ

رووداو دیجیتاڵ
 
زۆرن ئەو ئەستێرانەی تۆپی پێ، کە سەرەتای ژیانیان سەخت و ئاڵۆز بووە، بەڵام بەهۆی کارکردنی بەردەوام و بێهیوا نەبوونیان بوونەتە ئەستێرەی دیاری تۆپی پێ، ئەمجارە چیرۆکی یاریزانێکتان بۆ دەگێڕینەوە کە لە کرێکارییەوە دەستیپێکرد و ئێستا لە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و یانەی یوڤێنتوس یاریی دەکات.
 
فێدریکۆ گاتی، یاریزانی ئیتاڵی و ئەستێرەی یانەی یوڤێنتوس، پێش ئەوەی ببێتە یاریزانی پیشەگەری تۆپی پێ، بە رۆژ خەریکی کرێکاری بوو و خانوو و باڵەخانەی درووستدەکرد، دواتر کاتێك شەو دادەهات، بە ماندوویەتییەکی زۆرەوە بەمەبەستی مەشقکردن و هەوڵدان بۆ هێنانەدی خەونەکەی دەچووە یاریەگەیەکی قوڕاوی لە گوندی ریڤۆلی نزیك شاری تورین لە ئیتاڵیا، کە ئەوە ئەو گوندەیە گاتی تێیدا لەدایكبووە و گەورەبووە. 
 
گاتی لە خولی میلییەوە دەستیپێکرد و هەنگاو بە هەنگاو بە خولە جیاوازەکانی ئیتاڵیا سەرکەوت، دواتر پەیوەندی بە یانەی فرۆزینۆنەوە کرد و گەیشتە خولی پلە دووی ئیتاڵیا، تەنیا دوای چەند مانگێك لە پەیوەندیکردن بەو یانەیەوە، ئاستە باشەکەی گاتی وایکرد یانەی تۆرینۆ پەیوەندی بە یاریزانەکەوە بکەن و بیانەوێت گرێبەستی لەگەڵدا بکەن.
 
ماڵباتەکەی گاتی هاندەری سەرسەختی تۆرینۆن، ئەوە خۆشترین هەواڵ بوو بۆیان کاتێك گوێبیستی ئەوەبوون کە کوڕەکەیان لەلایەن ئەو یانەیەوە گرنگی پێدەدرێت کە هاندەرینە و بەپەرۆشی چاوەڕێی بینینی گاتی بوون بە درێسی تۆرینۆوە، ئیڤان یوریچی راهێنەری یانەکەش لەو کاتەدا گوتی "کاتێك من پێشنیازی یاریزانێك دەکەم، یانەکە دەبێت بڕۆن و گرێبەستی لەگەڵدا بکەن".
 
گویدۆ ئانگێلۆزی، بەڕێوبەری وەرزشی یانەی فرۆزینۆن لەگەڵ گاتی بەرەو شاری تورین بەڕێکەوتن بۆ ئەنجامدانی گرێبەستەکە، لەو کاتەدا گویدۆ دەستدەکات بە ستایشکردنی یاریزانەکە و دەیەوێت بە نرخێکی گران بە تۆرینۆی بفرۆشێت و دەڵێت "گاتی قاچەکانی لیۆناردۆ بۆنوچی هەیە و ئەو هاوشێوەی جیۆرجیۆ کیلینیە". 
 
پێدەچێت ئەو ستایشکردنەی گویدۆ تەنیا تۆرینۆی سەرسامنەکردبێت، لە ناکاودا یانەی یوڤێنتوس دەردەکەوێت، بە بڕی 10 ملیۆن یۆرۆ گرێبەست لەگەڵ گاتی دەکەن و بە خواستن دەیدەنەوە بە فرۆزینۆن. کاتێك یوریچی راهێنەری تۆرینۆ بەو هەواڵە دەزانێت، خەمباری خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت "بەڕاستی کەمجار روودەدات یاریزانێکی ناوازەی وەك گاتی لە خولەکانی خوارەوە دەرکەوێت". 
 
لە کۆتایی وەرزی 2021/2022، ماوەی خواستنەکەی گاتی لەگەڵ فرۆزینۆن کۆتایی هات و یاریزانەکە پەیوەندی بە یوڤێنتوسەوە کرد، باوکی گاتی دەڵێت "کاتێك کیلینی بۆ یەکەمین جار کوڕەکەمی لە مەشقەکانی یوڤێنتوس بینی، پێی گوت: ئەوە شوێنگرەوەکەم هات". نازانزێت ئاخۆ گاتی بەڕاستی دەتوانێت شوێنی کیلینی بگرێتەوە و وەکو ئەو ببێتە یەکێك لە ئەفسانەکانی بیانکۆنێری یاخود نا، بەڵام ئەوەی لای هەمووان ئاشکرایە ئەوەیە کە یاریزانەکە خاوەنی بەهرەیەکی زۆرە و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئاستی باشتر رێدەکات.
 
لە گەڕی 14ـی خولی ئیتاڵیا، یانەی یوڤێنتوس رووبەڕووی مۆنزا بووەوە، لە خولەکی 12ـی یارییەکە یوڤێنتوس گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد و پێشکەوت، بەڵام لە کۆتاییەکانی یارییەکە و لە خولەکی 91 مۆنزا گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد و واپێدەچوو یوڤێنتۆس دوو خاڵی گرنگ لەدەستبدات، بەڵام لە دوایین خولەکی یارییەکەدا گاتی دەردەکەوێت، گۆڵی بردنەوە تۆماردەکات و سێ خاڵی زێڕین بۆ یوڤێنتۆس بەدەستدەهێنێت، دواتریش لە یاریی داهاتووی یانەکەیدا بەرامبەر ناپۆلیی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە، گاتی بە لێدانێکی سەر تاکە گۆڵی یارییەکە تۆماردەکات و یوڤێنتۆس لە رکابەرییەکانی سەر نازناوەکە دەهێڵێتەوە. 
 
گاتی لەم وەرزەدا سەرەڕای ئاستە باشەکەی لە بەرگریکردن، توانیویەتی سێ گۆڵی گرنگ بۆ یانەکەی تۆماربکات و شوێنی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی یوڤێنتوس بکاتەوە.