بۆ یەکەمجار کوردێک بەشداری لە جامی جیهانی یانەکاندا دەکات

رووداو - هەولێر

رۆژی چوارشەممە، جامی جیهانی یانەکان لە قەتەر دەستپێدەکات و بۆ یەکەمجار یاریزانێکی کورد، بەشداری لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا دەکات.

یاری کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە، لەنێوان هەردوو یانەی سەدی قەتەری کە وەک میوانداری پاڵەوانێتییەکە بەشدارە و یانەی هینگینی کالیدۆنیای نوێ دەکرێت، یارییەکە کاژێر 20:30 بەکاتی باشووری کوردستان لەسەر یاریگەی جاسم بن حەمەدی تایبەت بە یانەی سەد بەڕێوەدەچێت.

لە پاڵەوانێتییەکەدا چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی سەد یاریزانێکی بەرەچەڵەک کوردی بانگهێشتکردووە کە رامی سوهێل سابیر، یاریزانی هەڵبژاردەی لاوانی قەتەر و یانەی سەدە و بۆ یەکەمجار لەگەڵ تیپی یەکەمی یانەکە بەشداری لە جامی جیهانی یانەکان دەکات.



رامی تەمەنی تەنیا 19 ساڵە، لە هێلی هێرشبەر یارییدەکات و کوڕی سوهێل سابیر، گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و راهێنەری ئێستای گۆڵپارێزانی یانە قەتەرییەکە و بەڕەچەڵەک خەڵکی شاری کەرکووکی باشووری کوردستانە، بەڵام وڵاتینامەی قەتەری هەیە.

لە جامی جیهانی یانەکاندا شەش یانە بەشدارن کە پێکهاتوون لە سەدی قەتەری، هینگینی کالیدۆنیای نوێ، هیلالی سعودی، تەرەجی تونسی، فلامینگۆی بەرازیلی و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزین.