بۆچوونی ئەنچیلۆتی و پێرێز لەبارەی گەڕانەوەی رامۆس بۆ ریال مەدرید


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا هەڵوێستی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید و کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەکەیان لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی سێرجیۆ رامۆسی کاپتنی پێشووی یانەکە، بۆ ریزەکانی ریال مەدرید ئاشکرا کردووە.
 
رامۆسی 38 ساڵ، هاوینی 2021 لە یانەکە رۆیشت، پاش تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی ریال مەدرید بەهۆی نەگەیشتنە رێکەوتن لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکە.
 
ریال مەدرید دووچاری کێشەیەکی گەورە بووە لە هێڵی بەرگرییەکەیدا، پاش پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی ئیدێر میلیتاو لە یاریی دوێنێی یانەکە بەرامبەر ئۆسەسۆنا لە خولی ئیسپانیا.
 
پێش میلیتاو، دانی کارڤاخال بەهەمان شێوە دووچاری هەمان پێکان بووە و بەر لەویش، داڤید ئالابا نزیکەی ساڵێک زیاترە لە ریال مەدرید دابڕاوە بەهۆی هەمان جۆری پێکانەوە.
 
لە یارییەکەی دوێنێدا، لوکاس ڤاسکێزیش کە شوێنگرەوەی کارڤاخال بوو لە باڵی بەرگریدا، دووچاری پێکان بوو.
 
رووداوەکانی دوێنێی ریال مەدرید، دەنگۆکانی ئەگەری گەڕانەوەی سێرجیۆ رامۆسیان بۆ یانەکە زیادکردووە، بەتایبەت کە ئەو یاریزانە تاوەکو ئێستا بێ یانەیە. پاشئەوەی وەرزی رابردوو ریزەکانی سێڤییای بەجێهێشت.
 
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی ئیسپانی دووپاتیکردووەتەوە کە دەنگۆکانی گەڕانەوەی رامۆس بۆ ریال مەدرید گەورەن.
 
رامۆس ساڵانێکی زۆر کاپتنی ریال مەدرید بووە و یەکێکە لەو یاریزانانەی کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر، زۆر پێی سەرسامە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەنجیلۆتی زۆر پشتگیری بیرۆکەی گەڕانەوەی رامۆس بۆ ریال مەدرید دەکات تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵ.
 
پێشتر ئەنچیلۆتی، رامۆسی بە سەرکردەی راستەقینە لە یاریگەدا ناوبردبوو، دەڵێ هیچ کەسێک وەک رامۆس، تایبەتمەندیی سەرکردەی تێدا نییە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەگەرچی ئەنچیلۆتی لەگەڵ بیرۆکەکەیە، بەڵام پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید، بەجۆشوخرۆش نییە بۆ بیرۆکەکە، ئەوەش لەبەرئەوەی ئەو یاریزانە پێشتر لەگەڵ براکەیدا کە بەڕێوەبەری کارەکانیەتی، کێشەیان لەگەڵ پێرێز هەبووە لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە.
 
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، رێگرییەکی دیکە لە گەڕانەوەی رامۆس، پەیوەندی بەستراتیجی بیرکردنەوەی سەرۆکی ریال مەدریدەوە هەیە کە ئامادەنییە هەلی دووەم بە هیچ یاریزانێک بدات.
 
سێرجیۆ رامۆس لە 2005 تاوەکو 2021 یاریزانی ریال مەدرید بووە، 469 یاریی بەدرێسی ریال مەدریدەوە ئەنجامداوە، 72 گۆڵی تۆمارکردووە و چوار نازناوی چامپیۆنزلیگ و پێنج نازناوی لالیگاشی لەگەڵ یانەکەدا بەدەستهێناوە.