فەرمی.. نادال بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێنا
رووداو دیجیتاڵ
رافایێل نادال، ئەستێرەی بەنێوبانگی تێنسی ئیسپانیا و جیهان یەکجاری وازی لە یارییکردن هێنا.
نادال لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، چیدیکە لە یارییکردن بەردەوام نابێت و بەیەکجاری واز لە یارییکردن دەهێنێت.
رافا بە 12 زمانی جیاواز سوپاسی هاندەران و هەموو لایەک دەکات، کە لە کاروانی یارییکردنیدا هاوکارییان کردووە.
خاوەنی 22 نازناوی گراندسلام لە پەیامەکەیدا دەڵێت "من لێرەم بۆ ئەوەی پێتان رابگەیێنم، واز لە یاریکردنی پیشەگەری دەهێنم، لە راستیدا چەند ساڵی رابردوو بۆ من زەحمەت بوون، بەتایبەت دوایین دوو ساڵ، پێموانییە هەرگیز بەبێ سنووردارکردن یاریمکردبێت."
تێنسزانە بەنێوبانگەکەی ئیسپانیا، لە کاروانی یارییکردنیدا 92 نازناوی جیاوازی بەدەستهێناوە، دیارترینیان 36 نازناوی ماستەرزی 1000 خاڵی، 14 نازناوی رۆڵاند گارۆس، 4 نازناوی کراوەی ئەمریکا، 2 نازناوی کراوەی ئوسترالیا و 2 وێمبڵدۆنە.