ئیمان بە گریانەوە وەڵامی ئیلۆن دەداتەوە: وەک ژنێکی موسڵمان کارەکانم بۆ خوا جێدەهێڵم

رووداو دیجیتاڵ

 

ئیمان خەلیف، خانمە پاڵەوانی بۆکسێنی جەزائیری، وەڵامی رەخنەکانی بازرگانی بەنێوبانگی ئەمریکی، ئیلۆن ماسکی دایەوە.
 
ئیمان خەلیف، کە لە ئۆڵمپیادی پاریس 2024 لە کێشی خوار 66 کیلۆگرام لە بۆکسێندا خەڵاتی زێڕی بەدەستهێنا، بەهۆی ناکۆکی لەسەر راستییەکانی رەگەزەکەی تووشی هەڵمەتێکی توندووتیژی بوو.
 
ئیلۆن ماسک، لەگەڵ هەندێک کەسایەتی بەنێوبانگی دیکەی وەک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە رەخنەیان لە بەشداریکردنی ئیمان خەلیف گرت لە پێشبڕکێی بۆکسێنی خانمان و تۆمەتباریان کرد بە گۆڕینی رەگەزەکەی.
 
لە هەڤپەیڤینیکی نوێدا، لەگەڵ بەرنامەی CLIQUE کە لە کەناڵی 'کەنال +'ـی فەرەنسی پەخشکرا، ئیمان خەلیف بێدەنگیی خۆی شکاند و راستەوخۆ باسی لە لێدوانەکانی ماسک کرد.
 
ئیمان گوتی "ئیلۆن ماسک یەکێک بوو لەو کەسانەی لەم هەڵمەتەی رق لێبوونەوەدا هێرشی کردە سەرم، ئەو ڤیدیۆ کلیپێکی بڵاوکردەوە کە زۆر کەس شەیریان کردبوو، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم خراپەکارییە دژی من، و پێدەچوو هێرشێکی کەسی بێت".
 
ئەو خانمە بۆکسێنەرە جەزائیرییە هەروەها دانی بەوەدانا کە ئەم مشتومڕە کاریگەری زۆری لەسەر خۆی و خێزانەکەی هەبووە.
 
ئیمان لەم هەڤپەیڤینەدا رووی قسەکانی لە ئیلۆن دەکات و دەڵێت "رقت لێمە، بەڵام تەنانەت منیش ناناسیت، بێ رەحم بوویت لەگەڵم، و بێ رەحم بوویت بەرامبەر بە خێزانەکەم، بەتایبەتی دایکم کە بەهۆی ئەو لێدوانانەتەوە سەردانی نەخۆشخانەی دەکرد".
 
ئەو خانمە بۆکسێنەرە جەزائیرییە، لە کۆتاییدا دەڵێت "نازانم بۆچی جیهان ئەوەندە خراپ بووە، وەک ژنێکی موسڵمان کاروبارەکانم بۆ خوا جێدەهێڵم، هەوڵیش دەدەم بەسەر ئەم ئازارەدا زاڵ بم و ویست و توانایەکی باشترم هەبێت".
 
پێشتر راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردبوو کە ئیمان خەلیف سکاڵای یاسایی لە دژی ئیلۆن ماسک تۆمارکردووە و رێکاری یاسایی لە دژی گرتووەتەبەر بەهۆی ئەوەی ناوی دەنێت "سووکایەتیپێکردنی ئەلیکترۆنی".