دیشام: لە ماوەی مانگێکدا ئێمباپێ دەتەقێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا هەموو ترس و دوودڵییەکی لەبارەی ئاستی کیلیان ئێمباپێ، کاپتنی هەڵبژاردەکەی رەواندەوە و گوتی بەمنزیکانە چاوەڕێ بن.
 
دیشام لە دوای یاریی دووەمی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە نەیشنسلیگ، قسەی بۆ میدیاکان کرد، پاشئەوەی هەڵبژاردەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەلجیکای بردەوە، ئەو لەبارەی کیلیان ئێمباپێوە کە لە یارییەکەدا بەشێوەی یەدەگ بەشداریکرد گوتی، "کیلیان لە دۆخێکی باشدایە، بەڵام روونە کە ئەو وەک هەر یاریزانێکی دیکە بەڕێژەی لەسەدا سەد ئامادە نییە".
 
راهێنەری فەرەنسا هەروەها دەڵێ، "ئێمباپێ بیر لە گۆڵ تۆمارکردن دەکاتەوە، دڵنیام لەوەی کە گۆڵیش دەکات، بەڵام فۆکەس خستنە سەر ئەوەی کە ئەو گۆڵ ناکات، زێدەڕۆیی تێدا کراوە، چونکە کارەکە بە چەقەنەلێدان چارەسەر نابێت".
 
فەرەنسا لەم گەڕەی فیفا دەیدا دوو یاریی لە نەیشنسلیگ ئەنجامداوە و لە یاریی یەکەمدا بەئیتاڵیا دۆڕا بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، بەرلەوەی لە بەلجیکا بباتەوە بە دووگۆڵی بێبەرامبەر.
 
یاریینەکردنی ئێمباپێ لەسەرەتای یارییەکەوە پرسیاری لای رۆژنامەڤانان دروستکرد، بەڵام دیشام گوتی، "من دووپاتیدەکەمەوە کە هەڵبژاردەی فەرەنسا بەبوونی ئێمباپێ بەهێزتر دەبێت و دڵنیام لەوەی لەماوەی مانگێکدا دەگاتە باشترین ئاستی خۆی، چونکە چاوەڕوانی کاری گەورەی لێدەکرێت".
 
لەبارەی داهاتووی کیلیانەوە لەگەڵ فەرەنسا، دیشام دەڵێ، "لەگەڵ هەڵبژاردەکەمان، ئەو رۆڵی سەرکردانەی خۆی بەباشترین شێوە دەبینێت، ئەگەر بەشێوەی سەرەکیش یاریی نەکات، هیچ گومانێک لەسەری دروست نابێت".
 
ئێمباپێ تاوەکو ئێستا لە نەیشنسلیگی ئەمساڵدا گۆڵی تۆمارنەکردووە، لە کاتێکدا لەگەڵ یانە نوێیەکەی (ریال مەدرید) لە لالیگا دوو گۆڵ و لە جامی سوپەری ئەوروپاش گۆڵێکی تۆمارکردووە.