رێوان ئەمین لە رێگەی رووداوەوە هەواڵێکی میدیای عێراق رەتدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

رێوان ئەمین، ئەستێرەی کوردی یانەی ئۆسترشۆندی سوێدی، لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە هەواڵێکی میدیای عێراق، لەبارەی بانگهێشتکردنی بۆ هەڵبژاردەی عێراق رەتدەکاتەوە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە عێراق بڵاویانکردەوە، دیک ئادڤۆکات، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بڕیارییداوە رێوان ئەمین بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکات، بۆ ئەوەی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا پشتی پێببەستێت، لەکاتێکدا پێشتر یاریزانەکە لە هۆڵەند یارییکردووە و یاریزانی هەڵبژاردەی خوار 15 ساڵ و خوار 17 ساڵی هۆڵەندا بووە.
 
لەبارەی ئەم دەنگۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، رێوان ئەمین لە سوێدەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ ئاگام لەو هەواڵانە نییە، هەموو ئەو دەنگۆیانەی بڵاو دەکرێنەوە راست نین و کەس بۆ یارییکردن بۆ هەڵبژاردەی عێراق پەیوەندیی پێوە نەکردووم".
 
ئەمین زیاتر گوتی "نزیکەی ساڵێکە من بەهۆی تووشبوون بە پێکانێکی قورس لە یاریگەکان دوورکەوتوومەتەوە و یارییم نەکردوو، بۆیە ئێستا تەنیا بیر لە گەڕانەوە بۆ نێو یاریگەکان دەکەم و کار لەسەر وەرگرتنی چارەسەرەکانم دەکەم بۆ ئەوەی لە پێکانەکەم بگەڕێمەوە و بۆ یارییکردن ئامادەبم، بەڵام دووپاتیدەکەمەوە کە هەواڵی بانگهێشتکردنی من بۆ هەڵبژاردەی عێراق راست نییە و کەس قسەی لەگەڵ نەکردووم".
 
رێوان زیاتر قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "ماوەیەکی زیاترم پێویستە بۆ ئەوەی بەتەواوی لە پێکانەکەم چاکببمەوە و بگەڕێمەوە نێو یاریگەکان، ئەوە لە پێشەوەی پلانەکانمە و هەموو بیرکردنەوەم لای ئەوەیە."
 
رێوان ئەمین، یاریزانێکی کوردی خەڵکی شاری دهۆکی باشووری کوردستانە، تەمەنی 25 ساڵە و لە یانەی ئۆسترشۆندی سوێدی یارییدەکات، پێشتر بۆ هەریەکە لە یانەکانی هێرنڤینی هۆڵەندی و دالکوردی سوێدی یارییکردووە.
 
رێوان لە مانگی مانگی هەشتی ساڵی رابردووە بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی تووشی پێکانێکی قورس بوو و بەو هۆیەوە ماوەیەکی زۆرە لە یاریگەکان دوورکەوتووەتەوە و ئێستا مەشقی تاکەکەسی ئەنجامدەدات بۆ ئەوەی بەتەواوی لە پێکانەکەی چاکببێتەوە و بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان.