عەلی عەممار هیوای گەورەی عێراقە لە ئۆڵیمپیادی پاریس

رووداو هەولێر

ئەمڕۆ شەممە عەلی عەممار، یاریزانی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق، رکابەری 11 یاریزانی جیهانی دەکات بۆ بردنەوەی میدالیای ئۆڵیمپیادی پاریس.
 
عەلی عەممار، خەڵکی بەغدایە و پێشتر میدالیای وڵاتانی عەرەب و ئاسیای بردووەتەوە، دوای وەرگرتنی مافی بەشداریکردن لە یارییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس، لیژنەی ئۆڵیمپی عێراق پاڵپشتییەکی تەواوی کرد و بەشێوەیەکی بەردەوام لە وڵاتانی دەرەوە کەمپی راهێنانی بۆ کردەوە.
 
عەممار یەسر، کە باوکی یاریزانەکەی عێراقە و راهێنەریەتی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە رووداوی راگەیاند "کوڕەکەم ئامادەیە بۆ ململانێکانی ئۆڵیمپیادی پاریس و تەنیا دەڵێم خەڵکی دڵسۆزی عێراق پشوو درێژبن و پاڵەوانێکی لاو مێژوو دەنووسێتەوە، هەموو خەڵکی وڵاتەکەمان چاوەڕێی میدالیا دەکەن و دەمانەوێت دڵخۆشیان بکەین".
 
ئەم پاڵەوانە عێراقییە، کە تەمەنی 20 ساڵە، ئەمڕۆ کاژێر 21:30 خولەک بە کاتی باشووری کوردستان دەچێتە سەر ستەیجی پاریس و یەکەم هەوڵی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی قورسایی دەخاتەگەڕ.
 
راهێنەرەکەی عەلی عەممار، زیاتر روونیکردەوە "ئەوەی بووەتە مایەی دڵخۆشیم بەرزی مۆڕاڵ و نەبوونی هیچ ترسێکە لای کوڕەکەم، ئەوەی دەبینم رکابەرەکانی بەهۆی نێوبانگ و دەسکەوتەکانی پێشوویان ترسیان زۆرە، بەڵام عەلی یەکەمجارییەتی و بە رۆحێکی جەنگاوەری بەرز دەیەوێت ململانێ بکات".
 
عەلی موفەتن، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵێمپی عێراق، دوێنێ هەینی گەیشتە پاریس و سەردانی عەلی عەمماری کرد، دوای ئەنجامدانی دوایین یەکەی راهێنانی لەگەڵ پاڵەوانەکەیان دانیشت و هەموو پاڵپشتییەکی بۆ دووپاتکردەوە.
 
ئەو یاریزانانەی رکابەری یاریزانە عێراقییەکە دەکەن خەڵکی وڵاتانی ئەستۆنیا، جۆرجیا، ئەرمینیا، ژاپۆن، جەزائیر، بەحرەین، چیک، ئێران، سوریا، میسر لەگەڵ نیوزلەندان.
 
لە ئۆڵیمپیادی پاریس 22 وەرزشوانی عێراقی بەشداربوون، هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق لە قۆناخی کۆمەڵەکان ماڵئاوایکرد، لە یارییەکانی راکردن و مەلەوانیش عێراق میدالیای نەبردەوە. هەروەها یاریزانێکی جۆدۆی عێراق بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی وزەبەخش دوورخرایەوە، تەنیا عەلی عەممار لەنێو رکابەری ماوە بتوانێت تاکە میدالیایەک بۆ وڵاتەکەی بباتەوە.