چێڵسی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو یاریزانەکانی ناچار دەکات بڕۆن


رووداو دیجیتاڵ

یانەی چێڵسی سێ یاریزانی لە راهێنانکردن لەگەڵ تیپی یەکەم سڕکرد و بە ناچاری لەگەڵ تیپی خوار 21 ساڵ مەشق و راهێنان دەکەن.

یانەی چێڵسی بڕیاریداوە هەر یەک لە یاریزانان 'رومێلۆ لوکاکۆ، ئارماندۆ برۆخا و تریڤۆ چالۆبا' لە تیپی یەکەمی یانەکە دووربخاتەوە و ناچاریان بکات لەگەڵ تیپی خوار 21 ساڵان راهێنان بکەن.

یانە لەندەنییەکە بەمشێوەیە دەیەوێت گوشار بخاتە سەر ئەو یاریزانانە بۆ ئەوەی بە زووترین کات یانەکە جێبهێڵن و رووبکەنە یانەیەکی دیکە.

سزایەکەی بلۆز هێندە تووندە، ئەو 3 یاریزانە تەنانەت بۆیان نییە هیچ خزمەتگوزارییەکی سەر بە یانەی چێڵسی بەکاربهێنن.

ئەم بڕیارەی یانەی چێڵسی کاردانەوەی زۆری لێکەوتووە و بەشێک لە هاندەران رەخنە لە کارگێڕی یانەکە دەگرن لەبەر ئەو هەڵسوکەوتەیان بەرامبەر بەو یاریزانانە و بە تایبەتتر تریڤۆ چالۆبا، کە 17 ساڵە خزمەتی یانە لەندەنییەکە دەکات.

لیستی یانەی چێڵسی نزیکەی 50 یاریزانی تێدایە و ئەو ژمارەیە زۆر بەرزە و پێویستە کەمبکرێتەوە، هەر بۆیە یانەکە لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی بەشێک لە یاریزانەکانی بفرۆشێت یان بە خواستن بیاننێرێتە یانەیەکی دیکە.

ئەمە یەکەمجار نییە چێڵسی بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ یاریزانەکانی دەکات، پێشتر هەمان شت لەگەڵ کۆنۆر گالاگێر کراوە، کە هەر ئەوە بووە هۆکاری ئەوەی یاریزانەکە پەیوەندی بە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە بکات.