قۆناخی کۆتایی خولی لاوانی نایابی عێراق لە هەولێرە
رووداو هەولێر
بەسەپەرشتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق یارییەکانی قۆناخی کۆتایی خولی لاوانی نایابی عێراق، هەفتەی داهاتوو لە شاری هەولێر دەستپێدەکەن.
لە قۆناخی کۆتاییدا 8 یانە بەشدارییان کردووە کە یارییەکان بەشێوازی دوو کۆمەڵە بەڕێوەدەچن، لە هەر کۆمەڵەیەک 2 یانە بۆ قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین سەردەکەون.
کۆمەڵەی یەکەم: هەولێر، شورتە، زەورا، ئەمانە بەغدا.
کۆمەڵەی دووەم: مینا، نەجەف، ناسڕییە، نەفتی بەسرە.
لاوانی یانەی هەولێر، تاکە تیپی کوردە لەم قۆناخەدا ململانێیەکی بەهێز لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە دەکات.
رەوەند عەبدولخالق، راهێنەری لاوانی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئامادەکارییەکی زۆر باشمان کردووە و دەمانەوێت بەپاڵپشتی هاندەرانمان نازناوی خولەکە بەرز بکەینەوە".
بەپێی بڕیاری لیژنەی پێشبڕکێکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، رۆژی 13ـی ئەم مانگە یارییەکان دەستپێدەکەن، بەر لە دەسپێکی یارییەکان بە 24 کاژێر یاریگە و ناوبژیوانەکان دیاریدەکرێن.