لامین یامال: گۆڵکردنی من خەونی دایکم بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

لامین یامال، ئەستێرەی لاوی هەڵبژاردەی ئیسپانیا باسی ئەو ساتە دەکات، کە تۆپەکەی ئاراستەی گۆڵی فەرەنسا کرد و گۆڵێکی ناوازەی لە یۆرۆدا تۆمارکرد.
 
لامین لە دوای بردنەوەیان لە فەرەنسا و دەستنیشانکردنی وەکو باشترین یاریزانی یارییەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "تەنیا ئەوەم لە بیرە کە تۆپەکە لای ئۆلمۆ بوو، تۆپەکە لای ئۆلمۆ بوو و دایە من، بیرم نەکردەوە، هەستم بە متمانەکرد و ویستم ئاراستەی گۆشەکە بکەم، بەختم هەبوو و چووە نێو گۆڵەوە، بۆیە زۆر دڵخۆشم."
 
یامال زیاتر گوتی " شانازی دەکەم و ئەوە بۆ من وەکو خەونە، لە کۆتاییدا هەموو منداڵیک خەون بەوەوە دەبینێت گۆڵێکی لەو شێوەیە بەدرێسی هەڵبژاردەی نیشتمانییەوە بکات لە کاتێکدا وا گرنگدا، ئەوە خەونە من تێیدا دەژیم و زۆر زۆر دڵخۆشم."
 
خاوەنی گۆڵی یەکەمی ئیسپانیا لە یارییەکەدا لەبارەی ئەوەی وەکو بچووکترین یاریزان گۆڵی لە یۆرۆدا کردووە گوتی "زۆر دڵخۆشم و لە کۆتاییدا ئەوە ریکۆردێکی نوێ بوو کە توانیم بیشکێنم، ئەوە سەرسوڕهێنەرە و بۆ ئەوە دڵخۆشم و ئەمە خەونە."
 
یاریزانەکەی یانەی بارسێلۆنا بە رۆژنامەڤانانی گوت " نازانم ئایا ئەوەی کردم جوانترین گۆڵی پاڵەوانێتییەکە بوو یان نا، بەڵام گرنگترین شت بەلای منەوە گەیشتن بوو بە یاری کۆتایی یۆرۆ، ئەمە خۆشترین شتە بەلای منەوە.  گوێ بۆ ئەوە ناگرم کە لەبارەی منەوە دەگوترێت. نازانم ئاخۆ من نموونەی تۆپی پێم یان نا؟  ئەمە لەسەر چیمەنی یاریگە هاوکاریم ناکات. تەنیا هەوڵدەدەم هاوکاری تیپەکەم بکەم، لە یارییەکەدا رێک ئەوەم کرد."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا لامین یامال دەڵێت "هەمیشە بە دایکمم دەگوت دەمەوێ گۆڵ تۆماربکەم، ئەویش دەیگوت کە خەونی ئەویشە. بۆیە یەکەم گۆڵم لە چوارگۆشەی زێڕین بەرامبەر فەرەنسا بۆمن زۆر گرنگ بوو."