ئەمساڵ رەخنەیەکی زۆر لە پاڵەوانێتی وێمبڵدۆن گیراوە
پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ رەخنەیەکی زۆر لە پاڵەوانێتی وێمبڵدۆن گیراوە، بەهۆی ئەوەی چیمەنی یاریگەکانی خراپە و ژمارەیەکی زۆری تێنسزان تووشی پێکانهاتوون و لە رکابەرییەکە چوونەتە دەرەوە، ئەمە لەکاتێکدا پاڵەوانێتییەکانی گراندسلامە، تێنسزانانیش لە چیمەنی یاریگەکان نارازین.
ئەگەرچی زۆرن ئەوانەی بەهۆی دۆڕان و ئاستی خراپەوە ماڵئاواییان لە پاڵەوانێتی وێمبڵدۆن کردووە، بەڵام کەمیش نین ئەوانەی بەختیان نەبووە و پێکان رێگەی نەداون لە رکابەرییەکەدا بەردەوامبن
هۆکارێکی دیکەش کە وا دەکات یاریزانەکان بکشێنەوە ئەوەیە کە هەندێکیان تەنیا بۆ بەشداریکردن لە قۆناخی یەکەم دێنە پاڵەوانێتییەکە و دوای وەرگرتنی پارەیەکی زۆر لەیەکەم قۆناخدا، بەبیانووی پێکانەوە خۆیان دەکشێننەوە.
پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ وێمبڵدۆن رەخنەیەکی زۆری لەسەرە، بەهۆی خراپی یاریگەکانییەوە کە بووەتە هۆکاری کشانەوەی ژمارەیەکی زۆری تێنسزانان لە پاڵەوانێتییەکەدا، بەجۆرێک لەسەر ئاستی کوڕان 9 تێنسزان بەهۆی پێکانەوە خۆیان لە پاڵەوانێتییەکەدا کێشایەوە و کچێکیش تووشی پێکانێکی مەترسیدار بوو.
کاروانی پێکانەکان لە پاڵەوانێتییەکەدا لە نیک کیریۆسی ئوسترالی دەستیپێکرد، کاتێک لە یاریی بەرامبەر پیێر هوگز هێربەرتی فەرەنسی و لە قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا دووچاری پێکانبوو و خۆی لە پاڵەوانێتییەکە کێشایەوە.
دوای کیریۆس هەریەکە لە دینیس ئیستۆمین ئوزباکستانی، ڤیکتۆر ترۆیسکی سربی، مارتن کلیزانی سلۆڤاکی، ئەلیکساندەر دۆلگۆپۆلۆڤی ئۆکراینی، ستیڤ دارسیسی بەلجیکی، یانکۆ تیپساریڤیچی سربی، ڤیلیسیانۆ لۆپێزی ئیسپانی و دودی سیلای ئیسرائیلی هەمان چارەنووسی تێنسزانە ئوسترالییەکەیان تووشبوو.
لەسەر ئاستی کچان، ئەگەرچی تەنیا دوو تێنسزان بەهۆی پێکانەوە لە پاڵەوانێتییەکە کشاونەتەوە، کە یەکێکیان ئاناستاسیا پۆتاپۆڤای رووسی بوو بەرامبەر تاتیانا ماریای ئەڵمانی کشایەوە و ئەوەی دیکەشیان ماتیک ساندسی ئەمریکی تووشی پێکانێکی مەترسیدار بوو و ئەویش بەو هۆیەوە لە پاڵەوانێتییەکە چووە دەرەوە.