یۆرۆی 2024.. ئیسپانیا لەنێو لێزمەی باراندا گەیشتە ئەڵمانیا

 
رووداو دیجیتاڵ

چەند رۆژێکی کەم بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی یۆرۆی 2024، هەڵبژاردەی ئیسپانیا گەیشتە ئەڵمانیا.
 
لەنێو لێزمەی باراندا، شاندی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یاریی یەکەمیان لە یۆرۆی 2024 گەیشتە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا و ئەمڕۆ ئامادەکارییەکانی لەو وڵاتە بۆ یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی کرواتیا دەستپێدەکات.
 
ئیسپانیا بەر لە ئەنجامدانی گەشتەکەی بۆ ئەڵمانیا، لە یارییەکی دۆستانەدا بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێرلەندای باکوور بەدەستهێنا.
 
هەڵبژاردەی ئیسپانیا، یەکێک لە دیارترین هەڵبژاردەکانی ئەورووپایە، هاوشانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا خاوەنی سێ نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپایە، پێشتر لە 1964، 2008 و 2010 نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێناوە و یەکەم هەڵبژاردەیە دووجار لەسەریەک بووبێتە پاڵەوان.
 
ئیسپانیا بۆ ئەمجارە لەژێر سەرپەرشتی لویس دێ لافوێنتێ، پێکهاتەیەکی تێکەڵاوی لە یاریزانی لاو و بە ئەزموون ئامادەکردووە و دەیەوێت رکابەری لەسەر گەیشتن بە دوورترین قۆناخەکانی پاڵەوانێتییەکە بکات.

 
لارۆخا لە یۆرۆی 2024 لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی دووەمدا یاریی دەکات، کە بە کۆمەڵەی ئاگرینی پاڵەوانێتییەکە ناوی دەهێنرێت، بەرامبەر کرواتیا، ئیتاڵیا و ئەلبانیا یاریی دەکات.
 
یاریی یەکەمی ئیسپانیا، رۆژی شەممەی داهاتوو بەرامبەر کرواتیا دەبێت، دوای ئەوە لە دێربیی ئەورووپادا، بەرامبەر ئیتاڵیا یاری دەکات و دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانیشی بەرامبەر ئەلبانیایە.