دوای شکستهێنان لە گواستنەوەی مێسی هیلال پلانێکی گەورەی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی هیلالی سعودی بەدوای راهێنەرێکی نوێدا دەگەڕێت، دوای ئەوەی رامۆن دیاز، راهێنەری ئەرجەنتینی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە دوورخرایەوە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی سعودیە، فەهد بن نافل، سەرۆکی یانەی هیلال لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا، لە فەرەنسا لەگەڵ ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری بەنێوبانگی ئیتاڵی و یانەی یوڤێنتوس کۆدەبێتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وەرگرتنی یانەکە لەلایەن راهێنەرەکەوە.
سەرۆکی یانەی هیلال دوێنێ هەینی بەرەو ئیستەنبوڵ بەڕێکەوتووە، بۆ ئامادەبوون لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، دوای ئەوەش دەچێتە فەرەنسا، بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە گرنگە.
جگە لە ئالێگری دەستەی کارگێڕیی یانەی هیلال چاوی لە دوو راهێنەری ئیسپانییە، بۆ ئەوەی لە ئەگەری شکستهێنانیان لە رازیکردنی راهێنەرەکە، هەوڵ بۆ رازیکردنی ئەوان بدەن، ئەوانیش هەریەکە لە لویس ئێنریکێ، راهێنەری پێشووی ئیسپانیا و جولین لوپیتیگێ، راهێنەری یانەی ولڤەرهامپتۆنی ئینگلیزین.
کارگێڕیی یانەی هیلال دەیەوێت بەر لە کۆتاییهاتنی ئەم مانگە پرسەکە یەکلابکاتەوە، بۆ ئەوەی چەند یاریزانێکی نوێ بگوازێتەوە و لە کەمپی مەشقەکانی یانەکەدا بەشداری بکەن کە لەم هاوینەدا لە نەمسا رێکدەخرێت.
بڕیارە وەرزی داهاتوو یانەی هیلال بەشداری لە 6 پاڵەوانێتیی جیاوازدا بکات، ئەوانیش جامی شا سەلمان، خولی سعودیە، جامی سوپەر و شای سعودیە، خولی تازەپێگەیشتووان و چامپیۆنزلیگی ئاسیا.
دوای ئەوەی 75٪ـی خاوەنداریەتی یانەکە خرایە سەر سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە، یانەی هیلال دوای شکستهێنانی لە گواستنەوەی لیۆنێل مێسی، چاوی لە گواستنەوەی محەممەد سەڵاح و سێرخیۆ رامۆسە، بۆ ئەوەی بۆ وەرزی داهاتوو پێکهاتەیەکی بەهێزی هەبێت.