پێپ گواردیۆلا: پلانێکی تایبەتیم بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ هەیە
رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، ریاگەیاند بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ خەونی هەموو کەسێکە، بەڵام گوتیشی "ئەگەر نازناوەکە ببەینەوە دڵخۆش دەبم، چونکە دەبینە باشترین یانەی ئەوروپا، ئەگەریش دۆڕاین دەبینە دووەم باشترین یانە و ئەوەش سەیر نییە".
ئەمشەو کاژێر 22:00 لەسەر یاریگەی ئەتاتورکی ئۆڵیمپی لە ئیستەنبوڵ، یاریی کۆتایی چامپیۆنزیگ، لەنێوان مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بەڕێوەدەچێت.
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و سەرەتا سەبارەت بەوەی کە کیڤن دیبرۆین گوتوویەتی بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ خەونە و خەیاڵیشە؟ گوتی "بەدڵنیاییەوە ئەوە خەونێکە، بەڵێ بە دڵنیاییەوە خەونێکە. بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکان دەبێت بڕی پێویستی خەیاڵ و ئارەزووت هەبێت، ئەو خەیاڵە ئەرێنییەی کە دەتەوێت بیکەیت. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوە خەونێکە بۆ زۆر لە ئێمە".
جارێکی دیکە سەربارە بە هالاند پرسیاری ئەوەیان لێکرد کە ئێرلینگ لە چوار یاری رابردوودا گۆڵی تۆمار نەکردووە؟ گواردیۆلا لە وەڵمدا گوتی "بەڕاستی من لێرە نیم باس لە رێژەی گۆڵکردنی ئێرلینگ هالاند بکەم، ئەگەر گومانت لە گۆڵکردنی هالاند هەبێت، ئەوە تۆ بە تەنیا دەبی، بۆیە هیچ گومانێکم نییە، سبەی بە باشترین شێوە ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی هاوکاریمان بکات بۆ بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ".
راهێنەری مان سیتی راشکاوانە باسی لەوە کرد کە پلانێکی تایبەتی بۆ ئەم یارییە هەیە و گوتی "من پلانێکم هەیە بۆ ئەم یارییە، ئەگەر سەرکەوتوو بووم زۆرباش دەبێت. بێگومان ئەگەر ببەینەوە دڵخۆش دەبم، چونکە دەبینە باشترین یانەی ئەوروپا، ئەگەریش دۆڕاین دەبینە دووەم باشترین یانە و ئەوەش سەیر نییە".
کاتێکیش لێیان پرسی ئامۆژگاریت بۆ راهێنەران چییە بۆ ئەوەی ببنە راهێنەری گەورە؟ ئەو گوتی "پێشتر لیۆنێل مێسیم هەبوو، ئێستاش خاوەنی ئێرلینگ هالاندم.. من گاڵتە ناکەم".