سێ یاریزانی ریال بێتیس تووشی کۆرۆنا بوون

رووداو - هەولێر

یانەی ریال بێتیس گەڕایەوە نێو مەشق و راهێنانەکان سەرەڕای ئەوەی سێ یاریزانی یانەکەی تووشی کۆرۆنا بوون.

دوای ئەوەی یانەکانی لالیگا گەڕانەوە نێو مەشقەکان یانەی ریال بێتیسیش دوای ئەوەی پشکنینی کۆرۆنای بۆ یاریزانانی ئەنجامدا، گەڕایەوە نێو مەشق و راهێنانەکان.

هەرچەندە پشکنینەکانی یاریزانانی یانەکە هەواڵی دڵخۆشکەر نەبوون و سێ یاریزان پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ دەرچوو، سەرەڕای ئەوە یانەکە لە مەشقەکانی بەردەوامبوو.

یانەکە هێشتا ناوی ئەو یاریزانانەی ئاشکرا نەکردووە، تەنیا رایگەیاندووە کە بارودۆخیان جێگیرە.

جگە لە بێتیس لە ئاتلێتیکۆ مەدرید و گراناداش تووشبووی کۆرنا تۆمارکراون، بەڵام هیچ تووشبوویەکیان بارودۆخیان خراپ نییە و چاوەڕێی تەواوکردنی کەرەنتینە دەکەن بۆ گەڕانەوەیان بۆ نێو یاریگاکان.