ئێنزۆ فێرناندێز: دەمەوێت ببەمەوە ئێنزۆکەی مۆندیال

رووداو دیجیتاڵ
 
ئێنزۆ فێرناندێز، یاریزانی ئەرجەنتینی و ئەستێرەی یانەی چێڵسیی ئینگلیزی، متمانەیەکی زۆری بەخۆی هەیە کە بتوانێت ئاستی بەرەوپێشەوە ببات و بگەڕێتەوە سەر ئەو ئاستەی لە مۆندیالی 2022ـدا پێشكێشی کرد، ئەو دەڵێت "دەمەوێت ببەمەوە ئێنزۆکەی مۆندیال."
 
دوای پێشکێشکردنی ئاستێکی ناوازە لە مۆندیالی 2022 و بردنەوەی پاڵەوانێتییەکە، ئێنزۆ فێرناندێز بەبڕی 121 ملیۆن یۆرۆ لە بێنفیکاوە پەیوەندی بە چێڵسییەوە کرد و بووە گرانترین گرێبەستی مێژووی پرێمەرلیگ، بەڵام ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئەو ئاستە پێشکێشبکات کە لێیچاوەڕواندەکرا و لە زۆر بۆنەدا بووەتە جێگەی رەخنەی هاندەرانی یانە لەندەنییەکە. 
 
ئێنزۆ پێیوایە کە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئاستی راستەقینەی خۆی لەگەڵ چێڵسی پێشکێشبکات، بەڵام یاریزانەکە پێدەچێت متمانەیەکی زۆری بەخۆی هەبێت بتوانێت بگەڕێتەوە سەر ئەو ئاستە بەرزەی لە مۆندیالی 2022 پێشكێشیکرد کە تێیدا خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا.
 
ئێنزۆ لەوبارەیەوە دەڵێت "من زۆر هەوڵدەدەم بگەڕێمەوە سەر ئاستی راستەقینەم و ببمەوە ئێنزۆکەی مۆندیال. هەست بەباشی دەکەم و رۆژ لە دوای رۆژ باشتردەبم، بەڵام هێشتا ئاستی تەواوی خۆم پێشکێش ناکەم، لە پێناو چارەسەرکردنی ئەوەدا هەموو رۆژێک بە قورسی کاردەکەم و باوەڕموایە پێیدەگەم."
 
ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لە دێژەی قسەکانیدا دەڵێت "رەنگە ‌تاوەکو ئێستا نەمتوانیبێت ئاستی راستەقینەی خۆم پێشکێش بکەم، بەڵام من زۆر دڵخۆشم کە لە یانەیەکی گەورەی وەک چێڵسی یاری دەکەم، ئەم یانەیە هێشتا باشترین وەشانی ئێنزۆی نەبینیوە."