کاروانی زڵاتان لەگەڵ میلان کۆتایی دێت


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە کە کاروانی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی ئەستێرەی سوێدی لەگەڵ یانەی میلانی ئیتاڵی کۆتایی دێت لە وەرزی داهاتوودا.
 
گرێبەستی ئیبرای تەمەن 41 ساڵ لەگەڵ میلان لە مانگی شەشی ئەمساڵ کۆتایی دێت، گومان دەکرێ لەوەی میلان بیەوێت ئەو یاریزانە لە یاریکردن لەگەڵی بەردەوام بێت.
 
میدیای ئیتاڵیا گوتوویانە، کارگێڕیی میلان بیر لە نوێکردنەوەی گرێبەستی زڵاتان ناکاتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو یاریزانە بڕیاریش بدات گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
 
میدیاکان گوتوویانە، میلان دوودڵە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ئیبرا بەهۆی توانای جەستەیی ئەو یاریزانە و زۆربوونی پێکانەکانی لە ماوەی رابردوودا.
 
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئیتاڵیا، ئەگەر ئیبرا بڕیار بدات لە یاریکردن بۆ وەرزێکی دیکە بەردەوام بێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە لەگەڵ میلان نابێت و لە یانەیەکی دیکە دەبێت.
 
ئیبراهیمۆڤیچ لە کۆتایی وەرزی 2021 - 2022 نەشتەرگەرییەکی لە ئەژنۆیدا کرد و بەهۆیەوە لە زۆرینەی یارییەکانی میلان لە وەرزی رابردوودا بەشداری نەکرد.
 
ئیبرا لە 26ی مانگی دووی ئەمساڵ گەڕایەوە بۆ یاریکردن و یەکەم دەرکەوتنەوەی بە درێسی میلانەوە بەرامبەر ئاتڵانتا بوو لە هەفتەی 24ی خولی ئیتاڵیا.
 
ئەو هێرشبەرە سوێدییە قاڵە، گۆڵی یەکەمی خۆی لە وەرزی ئەمساڵی سێری ئادا بۆ میلان لە گۆڵی ئۆدینێزی تۆمارکرد لە رۆژی 18ی مانگی سێی ئەمساڵ لە هەفتەی 27ی خولەکەدا، بەوەش ئیبرا بووە بەتەمەنترین یاریزان لە مێژووی خولی ئیتاڵیادا گۆڵ تۆمار بکات.
 
ئیبرا پێشتر لە لۆس ئانجلۆس گالاکسی ئەمریکی بوو، لە مانگی دووی ساڵی 2020دا گەڕایەوە میلان. ئەو پێشتر لە نێوان 2010 تاوەکو 2012 یاریی بۆ یانەی میلان کردبوو.
 
ئیبراهیمۆڤیچ بەدرێسی میلانەوە بەشداری لە 163 یاریی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا کردووە لە دوو ماوەی جیاوازی یاریکردن بۆ ئەو یانەیە و 93 گۆڵی تۆمارکردووە و 35 ئەسیستی هەیە.
 
میلان و ئیبرا پێکەوە دوو نازناوی سکۆدیتۆ و نازناوێکی سوپەری ئیتاڵیایان بردووەتەوە.