ئۆپامیکانۆ: کاردەکەین بۆ دەرکردنی مانچێستەر سیتی
رووداو دیجیتاڵ
دایۆت ئۆپامیکانۆ، بەرگریکەری فەرەنسیی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، دووپاتیدەکاتەوە کە یانەکەی باشترین ئاستی خۆی بۆ دەرپەڕاندنی یانەی مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ، بەگەڕ دەخات.
بایرن میونشن سبەی سێشەممە، لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، دەبێتە میوانی مانچێستەر سیتی لە یاریگەی ئیتیحاد.
ئۆپامیکانۆ لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، "مانچێستەر سیتی راهێنەرێکی نایابی وەک گواردیۆلای هەیە، لەگەڵ تیپێکی ناوازە.. بەڵام ئێمەش بایرن میونشنین و هەموو ئەوەی لە تواناماندابێت بەرامبەر ئەو یانەیە دەیکەین".
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی مەترسیی ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی، بەتایبەت پاشئەوەی ئەو بەرگریکەرە رۆڵی کاریگەری هەبوو لە راگرتنی کیلیان ئێمباپێ لە یاری نێوان یانەکەی و پاریس سانجێرمان، لە قۆناخی پێشووی چامپیۆنزلیگ.
ئۆپامیکانۆ، لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی هالاندەوە دەڵێ، "یاریکردن لەگەڵ ئێمباپێ زۆر ئاسانە کاتێک کیلیان لە تیپەکەتدایە و لە هەڵبژاردەی فەرەنساش لەگەڵتدایە.. ئەو باشترین یاریزانی جیهانە و هێرشبەرێکی نموونەیی و ناوازەیە".
ئەو لەبارەی راگرتنی ئەو هێرشبەرانەوە دەڵێ، "کاتێک رووبەڕووی هێرشبەرێکی خێرا دەبیتەوە، پێویستە هەموو کات هاوسەنگ بیت و ئامادەبیت بۆ جووڵەکردن بە ئاراستەی جیاواز.. دەبێ ئەوکات وریا بیت، چاودێریی شوێنگرتن و جووڵەی ئەو بکەیت لە یاریگەدا، هەروەها دەبێ هەندێک لە زمانی جەستەی ئەو تێبگەیت تاوەکو پێشبینی جموجوڵەکانی بکەیت".