کاساس لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکان بۆ دوو یارییەکەی بەرامبەر فیلیپین ئاشکرادەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی بۆ دوو یارییەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی فیلیپین ئاشکرادەکات. 
 
رۆژی 21ـی ئەم مانگە، لە میانی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی عێراق لەسەر خاکی فیلیپین رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە دەبێتەوە. پێنج رۆژ دواتر، لە شاری بەسرە جارێکی دیکە بەرامبەر یەکدی یاری دەکەن.
 
کاساس لە لیستەکەیدا بانگهێشتی چوار یاریزانی کوردی کردووە کە بریتین لە مێرخاس دۆسکی، ئوسامە رەشید، ئەحمەد یاسین و یوسف ئەمین. ئەوەی لە لیستەکەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا زۆرترین کلین شیتی هەیە، عەلی کازمی گۆڵپارێزی یانەی زاخۆ بانگهێشتنەکراوە. 
 
لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکان؛
گۆڵپارێزان: جەلال حەسەن، محەممەد ساڵح، ئەحمەد باسل
 
بەرگریکاران: رێبین سولاقا، زەید تەحسین، مەناف یونس، فرانس بوتروس، سەعد ناتق، موستەفا سەعدون، حوسێن عەلی، مێرخاس دۆسکی، زورغام ئیسماعیل
 
ناوەڕاستکاران: ئەمیر عەماری، سەفا هادی، ئوسامە رەشید، زیدان ئیقبال، عەبدولڕەزاق قاسم، لوئەی عانی، عەلی جاسم، بەشار رەسن، مونتەزر ماجید، حەسەن عەبدولکەریم، ئیبراهیم بایش
 
هێرشبەران: ئەحمەد یاسین، یوسف ئەمین، ئەیمەن حوسێن، موهەنەد عەلی
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە رایگەیاند کە دانیلۆ سەعید لە رووی دەروونییەوە ئامادە نییە بۆیە بانگهێشتی یارییەکان نەکراوە، هەروەها عەلی حەمادیی یاریزانی یانەی ئیپسویچ تاون لەسەر داواکاری خۆی ناوی لە لیستەکەدا تۆمارنەکراوە، ئەمە جگە لەوەی ئەحمەد یەحیا بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکان دادەبڕێت و بانگهێشتنەکراوە.