فەرمی.. عەلی عەدنان لە گواستنەوەیەکی مێژووییدا چووە خولی ئەمریکا

رووداو-هەولێر

عەلی عەدنان، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی پەیوەندی بە یانەی ڤانکۆڤەری کەنەدییەوە کرد.

ماڵپەڕی فەرمی یانەی ڤانکۆڤەر کە لە خولی ئەمریکی یاری دەکات هەواڵی پەیوەندیکردنی عەلی عەدنانی بە ریزەکانییەوە راگەیاند، ئاماژەشی  بەوەکرد کە گواستنەوەی یاریزانەکە بەشێوەی خواستنە.

عەلی بووە یەکەم لەدایکبووی عێراق لە مێژووی تۆپی پێی ئەمریکا کە لە خولی ئێم ئێل ئێسی ئەمریکی یاری بکات.

بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو یاریزانەکەی پێشووی یانەی ئاتالانتای ئیتالی بگاتە کەنەدا، چونکە چاوەڕێی ریگەپێدان و کارتی کارکردنە وەک یاریزانێکی پیشەگەر لەو وڵاتە.

مارک دۆس سانتۆسی راهێنەری یانەی ڤانکۆڤەر لە لێدوانێکیدا دەربارەی گواستنەوەی عەدنان دەڵێت " ئێمە بە پەرۆشین بۆ پەیوەندیکردنی ئەو یاریزانە بە ریزەکانمانەوە و بەهێزکردنی باڵی چەپی یانەکەمان بە یاریزانێکی بەهێز، هیوادارین لە گواستنەوەکانی هاوینەشدا بەردەوامی بە گریبەستەکە بدەین.

عەلی عەدنان تەمەنی 26 ساڵانە، 49 یاری نێودەوڵەتی کردووە و خاوەنی 4 گۆڵە بۆ عێراق، 68 یاریشی لە خولی ئیتالی لەگەڵ یانەی ئودینێزیدا کردووە، دواتر بە خواستن چووە یانەی ئاتالانتا، پێشتر لە خولی تورکیا 41 یاری لە یانەی ریزاسپۆر کردبوو، سەرەتای دەرکەوتنیشی لە یانەی بەغداد بوو.



بڵاوکراوەی فەرمی یانەی یانەکە