مانچێستەر ستی فێڵی لە ریال مەدرید کردووە

10-02-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا مانچیستەر سیتی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دوایین مەشقی مانچێستەر سیتی پێش یارییەکەی ریال مەدرید، دەرکەوت کە بەشێکی زۆری یاریزانەکانی گەڕاونەتەوە و پێکانیان نییە.
 
یانەی مانچێستەر سیتی لە سەرەتای وەرزەوە بە دەست پێکانەوە دەناڵێنێت و ئامادەنەبوونی بەشێکی یاریزانە سەرەکییەکان، کاریگەریی لەسەر ئاستی یانەکە کردووە بە شێوەیەک، ئەو یانەیە لە پلەی پێنجەمی پرێمەرلیگە و 15 خاڵ لە پلەی یەکەمەوە دوورە، لە چامپیۆنزلیگیشدا، ئەو یانەیە لە قۆناخی خول، لە پلەی 22م بوو و دوای سەختییەکی زۆر، گەیشتە قۆناخی پاشکۆی چامپیۆنزلیگ.
 
گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا ئەوەی خستەڕوو کە یانەکەی بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ پێکانەکان هەڵسوکەوتی نەکردووە.
 
ئەوەی سەیرە بۆ میدیاکان، لە مەشقەکانی ئەمڕۆی سیتیزنس، بەشێکی زۆری ئەو یاریزانانەی پێکانیان هەبوو، گەڕابوونەوە و لە مەشقەکاندا بەشداربوون.
 
هەریەکە لە 'ئێدێرسۆن، رۆبن دیاز، جۆن ستۆنز، ئاکێ و دۆکو' بەشداری مەشقەکانیان کردووە و بۆ یارییەکەی ریال مەدرید ئامادەن، تەنانەت نیکۆ گۆنزالێز، ئەو یاریزانەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە یەکەم یاریی خۆیدا لەگەڵ مانچێستەر سیتی، بە پێکانەوە یاریگەی جێهێشت، لە مەشقەکاندا بەشداربووە و کێشەی نەبووە.
 
رۆدری و ئۆسکار بۆب، هێشتا ئامادەنین بۆ یاریکردن.
 
ئەو بابەتە بووەتە جێی سەرنجی میدیاکانی ئیسپانیا و بەشێکیان گومان لە یانەی مانچێستەر سیتی دەکەن و پێیانوایە ئەو یانەیە بە مەبەست، گەڕانەوەی بەشێک لەو یاریزانانەی رانەگەیاندووە.
 
یانەی ریال مەدرید لە لایەکی دیکەوە، بەدەست پیکانی یاریزانەکانییەوە دەناڵێنێت، ئەو یانەیە بۆ یارییەکەی مانچێستەر سیتی، لە تواناکانی 'ڤاسکێز، رۆدیگێر، کارڤاخال، ئالابا و میلیتاو' بێبەش دەبێت و ئەو یاریزانانە بەشێوەیەکی فەرمی لە یارییەکە دوورخراونەتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 11/2/2025، کاژێر 23:00، یانەی مانچێستەر سیتی لە یاریی چوونی پاشکۆی چامپیۆنزلیگ لە یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی ریال مەدرید دەبێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە