ئەو یاریزانەی ئەمڕۆ هەمووان چاوەڕێی دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ شەممە، 10ـی شوباتی 2024، یاریگەی لوسەیل دەبێتە گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەی هەردوو هەڵبژاردەی قەتەر و ئوردن، کاتێک لە یاریی کۆتایی 18ـمین وەشانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.  
 
هەڵبژاردەی قەتەر دوای بردنەوەی جامی ئاسیای 2019، دەیەوێت پارێزگاری لە جامەکە بکات و ئەمجارەیان لە نێو خاک و هاندەرانی خۆیدا بەرزی بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە جارێکی دیکە قەتەرییەکان چاویان لە ئەکرەم عەفیف دەبێت و هیوا دەخوازن ئەو ئەستێرەیە لە ئاستە ناوازەکەی بەردەوامبێت و جارێکی دیکە سەرکردایەتی هەڵبژاردەکە بکاتەوە بۆ بردنەوەی جامی ئاسیا.
 
ئەمە دووەمین جارە عەفیف بەشداری لە جامی ئاسیادا دەکات، ئەستێرە قەتەرییەکە لە جامی ئاسیای 2019 بە ئاستێکی سەرسوڕهێنەرەوە دەرکەوت و ریکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد کاتێک توانی 10 ئاسیست بۆ هاوتیپەکانی بکات، کە لە مێژووی تۆپی پێدا لە هیچ پاڵەوانێتییەکی فەرمی هەڵبژاردەکاندا رووینەداوە یاریزانێک بتوانێت ئەو ژمارەیە تۆماربکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە عەفیف درێژەی بە ئاستە نایابەکەی داوە و لە پاڵەوانێتی ئەمساڵیشدا پێنج گۆڵ و سێ ئاسیستی هەیە و زۆرترین بەشداری گۆڵی کردووە لەنێو یاریزانەکانی ئەم وەشانەی پاڵەوانێتییەکەدا. 
 
هەڵبژاردەی قەتەر لە دوایین دوو وەشانی پاڵەوانێتی جامی ئاسیا، لە قۆناخەکانی کرانە دەرەوەی پاڵەوانێتییەکەدا 15 گۆڵی تۆمارکردووە، لەو ژمارەیەدا ئەکرەم عەفیف بەشداری 11 گۆڵی کردووە و رۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە لە بردنەوەی جامی ئاسیای 2019 بۆ قەتەر و گەیاندنی هەڵبژاردەکە بە یاریی کۆتایی جامی ئاسیای 2023.
 
لە مێژووی 68 ساڵەی جامی ئاسیادا هیچ یاریزانێک نەیتوانیوە لە دوو یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا گۆڵ تۆماربکات، ئەمڕۆ هەریەکە لە ئەکرەم عەفیف، موعیز عەلی و عەبدولعەزیز حاتەم دەرفەتی ئەوەیان لەبەردەمدایە کە ئەو مێژووە بگۆڕن، چونکە ئەو سێ ئەستێرەیەی قەتەر توانیان لە یاریی کۆتایی جامی ئاسیای 2019 بەرامبەر هەڵبژاردەی ژاپۆن گۆڵبکەن، ئێستاش جارێکی دیکە لە یاریی کۆتایین و دەتوانن بە تۆمارکردنی گۆڵێک ریکۆردێکی مێژوویی تۆماربکەن. 
 
ئێستا عەفیف جارێکی دیکە سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەی دەکات و دەیەوێت نازناوی جامی نەتەوەکانی ئاسیا هەر لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بمێنێتەوە.