راهێنەرەکەی ئیستقلال رەخنە لە یاریگەی فرانسۆ هەریری دەگرێت

رووداو-هەولێر

فەرهاد مەجیدی، راهێنەری یانەی ئیستقلالی ئێرانی لەگەڵ وریا غەفووری کاپتن و ئەستێرەی یانەی ئیستقلال بەشدارییان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی دوای یارییەکەیان بەرامبەر بە شورتە کرد.

فەرهاد مەجیدی باسی خراپی یاریگەی فرانسۆ هەریری کرد و سەری سوڕماوە کە نازانێت چۆن ئەم یاریگەیەیان دیاریکردووە، ئەمە لە کاتێکدا پێشتریش یانەی ئیستقلال گلەییان لە یاریگەی فرانسۆ هەریری هەبوو.

فەرھاد مەجیدی گوتی: لە ئەنجامی یارییەكە و یاریگەكە نارازیبووم و نازانم چۆن ئەم یاریگەیە بۆ یارییەكە دیاریكراوە.



لە وەڵامی رووداودا دەڵێت: یاریزانەكانم لاون و ئەوانەی ئەمڕۆ یارییانكرد پێشانیاندا كە لەوانە كەمترنین كە پێكانیان ھەیە، لە داھاتوودا باشتر دەبین و دەتوانین بگەینە قۆناخی داھاتوو.

وریا غەفووری بەباشترین یاریزانی یارییەكە دیاركرا بە رووداوی گوت: دڵخۆشم لەنێو كورددا ئەو ژمارە زۆرەی ھاندەرم ھەیە و خانمانیش ئامادەبوون ھیوادارم لە ئێرانیش لە داھاتوودا خانمان بتوانن ئامادەی یارییەكان ببن و سوپاسی ھاندەران دەكەم.

یارییەکە لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە شاری هەولێر ئەنجامدرا و هەردوو یانە بە خاڵێک و بە گۆڵێک رازی بوون.