ئالاڤێس رازییه‌ یاری كۆتایی له‌ كامپ نو بكات



به‌شێوه‌یه‌كی پێشبینی نه‌كراو، سه‌رۆكی یانه‌ى دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس، كه‌ یانه‌كه‌ی لایه‌نێكی یاری كۆتای جامی شای ئیسپانیایه‌، رایگه‌یاند رازین یاری كۆتایی له‌نێو یاریگه‌ی كامپ نو ئه‌نجام بده‌ین، هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نی دووه‌می یارییه‌كه‌ یانه‌ی بارسێلۆنای خاوه‌نی یاریگه‌كه‌یه‌.

له‌ كاتێكدا كه‌ یانه‌ی ریال مه‌درید ره‌تیكرده‌وه‌ رێگه‌ بدات یاری كۆتایی جامی شای ئیسپانیا له‌نێو یاریگه‌ی سانتیاگۆ برنابیۆ به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌لفۆنسۆ فێرناندێزی سه‌رۆكی یانه‌ی ئالاڤێس رایگه‌یاند "خراپ نییه‌ ئه‌گه‌ر یارییه‌كه‌ له‌نێو كامپ نو له‌ بارسێلۆنا به‌ڕێوه‌بچێت".

سه‌رۆكی ئه‌و یانه‌یه‌، له‌و باره‌وه‌ گوتی "ئه‌گه‌ر بكرێت یارییه‌كه‌ له‌ یاریگه‌ی سان مامیسی تایبه‌ت به‌ یانه‌ی ئه‌تله‌تیك بلباو به‌ڕێوه‌بچێت، بۆ ئێمه‌ زۆر باشه‌، چونكه‌ نزیكتره‌ له‌ ئێمه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌بوو كارێكی خراپ نییه‌ ئه‌گه‌ر یارییه‌كه‌ له‌ كامپ نو ئه‌نجام بده‌ین".


ئه‌مساڵ هه‌ردوو یانه‌ی بارسێلۆنا و دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس گه‌یشتوونه‌ته‌ یاری كۆتایی جامی شای ئیسپانیا، كه‌ بڕیاره‌ له‌ 27/5/2017 ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام هێشتا هیچ یاریگه‌یه‌ك بۆ ئه‌و یارییه‌ ده‌ستنیشان نه‌كراوه‌.

بارسا ده‌یه‌وێ له‌ سانتیاگۆ برنابیۆ له‌ مه‌درید به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام ئیداره‌ی یانه‌ی شاهانه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ نادات ئه‌و یارییه‌ له‌نێو یاریگه‌ی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت، كه‌ ئه‌و لایه‌نێك نییه‌ له‌ یارییه‌كه‌.