راهێنەری چێڵسی: ئامۆژگارییەکی کارلۆ ئەنچیلۆتی منی رزگارکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئینزۆ مارێسکا، راهێنەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی ئاشکرایکرد، ئامۆژگارییەکی کارلۆ ئەنچیلۆتی لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵدا، ئەوی لە کێشەیەکی گەورە رزگارکردووە.
مارێسکا هاوینی رابردوو لە شوێنی ماوریسیۆ پۆچێتینیۆ مەشقدانی بلووزی وەرگرت. یانەکە ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندی پرێمەرلیگە بەجیاوازیی تەنیا چوار خاڵ لە لیڤەرپوولی پێشەنگ، کە یارییەک کەمتری ئەنجامداوە.
چێڵسی دوێنێ لە گەڕی 15ی پرێمەرلیگ ریمۆنتادای بەسەر تۆتێنهامدا کرد و 4 - 3 لێی بردەوە، پاشئەوەی بەدوو گۆڵ لەپاشبوو.
مارێسکا، پێشتر لەگەڵ لێستەر سیتی ماوەیەکی ناوازەی بەسەربرد و ئەو یانەیەی گێڕایەوە بۆ خولی پرێمەرلیگ.
مارێسکا کە پێشتر وەک یاریزان لەگەڵ کارلۆ ئەنچیلۆتی لە ماوەی نێوان 2000 تاوەکو 2001 یارییکردووە، وەک راهێنەر لە ماوەی ئامادەسازییەکانی وەرزی ئەمساڵ لەگەڵ چێڵسی لە یارییەکی دۆستانەدا 2 - 1 لە ریال مەدریدی بردەوە.
مارێسکا لە لێدوانی بۆ میدیای ئینگلتەرا دەڵێ، "لەژێر سەرپەرشتی کارلۆ ئەنچیلۆتی کارم کردووە کاتێک یاریزان بووم، لەبەرئەوە دەزانم کوالیتیی ئەو چۆنە".
هەروەها دەڵێ، "لەماوەی ئامادەسازییەکاندا کاتێک رووبەڕووی یەکبووینەوە، ئەوکات ئامۆژگارییەکی تەکتیکیی کردم لە کاتێکدا من بەهێڵی بەرگرییەکی لەپێش یارییمدەکرد، ئەو گوتی، ئەگەر بتوانم ئامۆژگارییەکت بکەم، ئەوەیە کە پێت بڵێم هێڵی بەرگرییەکەت کەمێک ببە دواوە، چونکە زۆر لەپێش یارییدەکەن".
چێڵسی لە وەرزی ئەمساڵی پرێمەرلیگدا، لە دوای پانزە گەڕی خولەکە، 18 گۆڵی لێکراوە و یانەکە سێیەم باشترین هێڵی بەرگری هەیە لە پاش لیڤەرپوول 11 گۆڵ و ئارسیناڵ 15 گۆڵ، هاوتای نۆتێنگهام فۆرێست.