کیلیان ئێمباپێ: تەنیا یەک کەس ئەگەر پێی بگوتمایە مەڕۆ ریال مەدرید نەدەڕۆیشتم

رووداو دیجیتاڵ

 

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بۆ یەکەمجار ئاشکرایکرد کە ریال مەدرید گەورەترین خەونی ئەو بووە، بەڵام لەپێناو یەک کەسدا ئامادە بووە نەچێتە ریال مەدرید و دەستبەرداری خەونەکەی ببێت.
 
ئەستێرەی فەرەنسی، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، باسی لە زۆر لە نهێنییەکانی کرد، کە پێیوابوو کاتی ئەوە هاتووە هەمووان لە زاری ئەوەوە بیبیستن.
 
کیلیان، باس لەوە دەکات کە رۆیشتنی بۆ ریال مەدرید گەورەترین خەونی ئەو بووە، چونکە وەک خۆی دەڵێت "لە تۆپی پێدا هیچ شتێک لە ریال مەدرید گەورەتر نییە".
 
ئەستێرەی مێرینگێ، لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەدا، باسی ئیتانی برا بچووکی دەکات و دەڵێت "دوایلێبوردن لە برا بچووکەکەم دەکەم، چونکە من بوومە هۆکاری ئەوەی کە ئەو نەتوانێت خەونە گەورەکەی بەدیبهێنێت".
 
ئێمباپێ قسەکانی روونتر دەکاتەوە و دەڵێت "خەونی گەورەی ئیتان، پاریس سانجێرمان بوو، ئەو دەیویست لەگەڵیدا نازناوەکان بەدەستبێنێت، بەڵام من بوومە هۆکاری ئەوەی ئەو نەتوانێت خەونەکەی بەدیبهێنێت".
 
هەروەها دەشڵێت "خەونی منیش ریال مەدرید بوو، بەڵام ئامادەبووم لەپێناو ئیتان دەستبەرداری خەونە گەورەکەم ببم و گرێبەستەکەم لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێ بکەمەوە. پێمگوت دەتەوێت بمێنمەوە و گرێبەستەکەم نوێ بکەمەوە؟ بەڵام ئەو پێیگوتم نەخێر بڕۆ، بەهۆی ئەوەی بەرامبەر تۆیان کرد، بڕۆ".
 
ئینجا لێیدەپرسن، ئەگەر رووبەڕووی برا بچووکەکەت ببیتەوە لەنێو یاریگادا، چی دەکەی؟ كيليان لە وەڵامدا، بەپێکەنینەوە دەڵێت "لەناوی دەبەم".
 
لە بەشێکی دیکەی ئەو هەڤپەیڤینەدا، ئەستێرەی ریال مەدرید، باسی میری قەتەر دەکات و بە هاوڕێ ناوی دەبات و دەڵێت "کە لە پاریس بووین، میری قەتەر بە گوێی مندا چرپاندی و پێیگوتم: هەموویان سەیری ئێمە دەکەن، وادەزانن ئێستا پارەیەکی زۆرت پێدەدەم بۆ ئەوەی بمێنیتەوە، بەڵام نەخێر، بەدوای خەونەکەت بکەوێ، سوپاس بۆ هەموو شتێک، ئەگەر پێویستت بە هەر شتێک بوو، من لێرەم".
 
کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەشدا، باسی لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەکات، کە دوو ساڵ پێکەوە یارییان بۆ پاریس سانجێرمان کردووە و لەو بارەیەوە دەڵێت "دوای یاریی کۆتایی مۆندیال زۆر تووڕە بووم. کاتێک مێسیم بینی لە مەشقەکانی پاریس سانجێرمان هێشتا تووڕە بووم (پێدەکەنێت)، بەڵام ئەو پێیگوتم پێشتر نازناوەکەت بردووەتەوە و ئێستا نۆرەی منە. زۆر تووڕە بووم، بەڵام لەبەرئەوەی مێسییە رێزی لێ دەگیرێت و بەپێکەنینەوە تووڕەییەکەمان شکاند، چونکە شەڕمان کرد و لە یاریی کۆتاییدا یادگاریمان دروستکرد. وابزانم ئەم کۆتاییە ئێمەی لە یەکدی نزیکتر کردەوە".
 
هەروەها دەشڵێت "زۆر شت لە مێسی فێربووم. لیۆ هەموو شتێک بەباشی دەکات و تۆ هەموو شتێک لە کەسێکی وەک ئەو فێر دەبیت. لە کاتی راهێنانەکاندا دەچوومە لای ئەو و بێ ئەوەی شەرم بکەم پرسیارم لێدەکرد کە چۆن ئەم کارەی کرد و چۆن ئەمە دەکات؟".