بارسێلۆنا چاوی لە ئەستێرەیەکی گەورەی پرێمەرلیگە

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دەیەوێت کێشەکانی هێڵی ناوەراستی یانەکەی چارەساربکات و بۆ ئەم مەبەستەش چاوی لە ئەستێرەیەکی گەورەی پرێمەرلیگە.
 
یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت یاریزانێك بگوازێتەوە بەمەبەستی پتەوکردنی هێڵی ناوەڕاستی یانەکە و بەپێی میدیاکانی بەریتانیا، برونۆ گیمارایش، یاریزانی بەرازیلی و ئەستێرەی یانەی نیوکاسڵ یونایتد ئامانجی یەکەمی یانە کەتەلۆنییەکەیە.
 
برونۆ گیمارایش، گرێبەستەکەی لەگەڵ نیوکاسڵ لە ساڵی 2028 کۆتایی دێت، ئەوەی گواستنەوەی یاریزانەکەی قورسکردووە نرخی گرێبەستەکەیەتی، گیمارایش بە یەکێك لە یاریزانە گرنگەکانی نیوکاسڵ دادەنرێت و یانەکە نایەوێت بە ئاسانی دەستبەرداری ببێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە پێناو دەستبەرداربوون لە ئەستێرە بەرازیلییەکە نیوکاسڵ داوای نزیکەی 85 ملیۆن یۆرۆ بکات.
 
گیمارایش ناوەڕاستکاری چەقە و یەکێکە لەو یاریزانانەی لە رووی جەستەییەوە پتەوە، بەرگریکردن و پاسدان لە باشترین تایبەتمەندییەکانی ئەم ئەستێرەیەن و ئاستە ناوازەکەی وای کردووە زۆر یانەی گەورەی ئەوروپا چاودێری بکەن و بیانەوێت بیگوازنەوە ریزەکانیان.
 
برونۆ گیمارایش، ساڵی 2022 بە گرێبەستێك بە بڕی 42.1 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی لیۆنی فەرەنسییەوە پەیوەندی بە نیوکاسڵ یونایتدەوە کرد، لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەکەیدا بەشداری لە 21 یاری کردووە و گۆڵێك و دوو ئاسیستی هەیە.