بەهۆی هێرشکردنە سەر پایێ لیۆن سزادرا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئەو گرژییانەی لە یاریی نێوان هەردوو یانەی لیۆن و مارسیلیا لە خولی فەرەنسا روویاندا، یانەی لیۆن سزادرا و خاڵێکی لێ وەرگیرایەوە.
 
رۆژی 21ـی مانگی رابردوو لە رکابەرییەکانی خولی فەرەنسا، لە یاریی نێوان هەردوو یانەی لیۆن و مارسیلیا کە لە گەڕی 14ـی خولی فەرەنسا، هاندەرانی یانەی لیۆن دەبەیەکی ئاویان لە سەری دیمیتری پایێ، ئەستێرەی یانەی مارسیلیا دا، بەو هۆیەوە یارییەکە گرژیی تێکەوت و بە ناچاری ناوبژیوان بڕیارییدا یارییەکە تەواونەکرێت و دواخرا.
 
دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە رووداوەکانی ئەو یارییە، لیژنەی تەمبێکاری خولی فەرەنسا بڕیارییدا بەهۆی ئەو رەفتارەی هاندەران، یانەی لیۆن بە لێ وەرگرتنی خاڵێک لە ریزبەندی گشتیی خولی فەرەنسادا سزابدات، جگە لەوەش یارییەکە لە یاریگەی لیۆن دووبارەدەکرێتەوە، بەڵام رێگە بە ئامادەبوونی هاندەران نادرێت.
 
ئەم یارییە دەبێتە دووەم یاری یانەی لیۆن بەبێ ئامادەبوونی هاندەران ئەنجامیبدات، لەکاتێکدا یاریی بەرامبەر یانەی رێمسی بەهەمان هۆکارەوە بەبێ هاندەر ئەنجامدا.
 
روکسانا ماراسینیانۆ، وەزیری وەرزشی فەرەنسا دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو رووداوانەی لە لیۆن روویاندا جێگە قبوڵکردن نین، بەهیچ شێوەیەک رێگە بە هێرشکردنە سەر یاریزانان بەو شێوەیە نادەین، بۆ رێگریکردن لەو رووداوانەش پێویستیمان بە سزا و هاوکاریی هەموو لایەکە لە تۆپی پێدا."